کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهێزتربوونەوەی ئەگەریی شەڕی جیهانی سێهەم و ئێمەی کورد

12:01 - 5 رەشەمه 2721

شەماڵ تەرغیبی

بە بڕیاری ڤێلادیمێر پووتین سەرکۆماری ڕووسیە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر خاکی ئۆکراین دەستی پێکرد و بەمشێوەیە کۆتایی بە مشتومڕی یەک مانگەی نێوان ڕۆژاوا و دەوڵەتی ڕووسیە هات. بەپێی دواهەواڵ و زانیارییە پێوەندیدارەکان ئەم هێرشە لەڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووس بۆ سەر چەندین شاری ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین و هەروەها مووشەکهاوێژی و دابەزاندنی هێزی زەوینی لە کەناراوە باشورییەکانی ئۆکراین دەستی پێکرد. ئەگەرچی هێزەکانی ئۆکراین ڕایانگەیاندووە کە توانیویانە لانیکەم ٥ فڕۆکە و هێلیکۆپتێری ڕووس لەنێو ببەن بەڵام هێرشەکان بەشێوازی جۆراوجۆر و یەک لەوان هێرشی سایبێری بۆ پەکخستنی ماڵپەڕە دەوڵەتییەکان و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئۆکراین بەردەوامە.

لە یەکەم کاردانەوەکانیشدا ئولاف شوڵتز سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان ئەم کردارەی ڕووسیەی مەحکوم کرد و وەک پێشێلکردنی بەرچاوی یاسا نێونەتەوەییەکان ناوی لێ برد و وتی: ئەمە ڕۆژی تاریکیی ئورووپایە!

هەروەها بۆینس جانسۆن سەرۆکوەزیرانی بریتانیا  وێڕای مەحکومکردنی هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕایگەیاند پوتین بەم کارەی بێ هیچ هۆکارێک ڕێگەی خوێنڕشتن و کاولکاری هەڵبژاردووە  و بەدڵنیاییەوە ئێمە و هاوپەیمانەکانمان وڵامیکی گونجاو بەم هێرشانە دەدەینەوە.

هاوکات باڵوێزی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ئاتلانتیکی باکور ناسراو بە ناتۆش کە یەکێک بووە لە بیانووەکانی کرێملین بۆ هێرشەکان، دانیشتنی بەپەلەیان ڕێک خست.

بەگشتی ئەوەیکە تاکوو ئێستە دەبیندرێ سازبوونی جۆرێک لە جەمسەربەندی لە نێوان وڵاتانی جیهانە؛ لەلایەکەوە وڵاتانی ڕۆژاوایی و لەلایەکی ترەوە ڕووسیە و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی! بەڵام لەم نێوانەدا جێگەی ئێران چی دەبێ و دۆخەکە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟ لەلایەکی تریشەوە ئایا ئەو گریمانە کە ئەمە دەسپێکی شەڕی سێهەمی جیهانییە وەڕاست دەگەڕێ؟ و لەکۆتاییدا ئێمەی کورد لە کوێی هاوکێشەکانداین و دەبێ چی بکەین؟

پێش لەوەیکە وڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە سیستمی زاڵ بەسەر ڕووسیای ئێستە نمونەی ئەو حکومەتانەیە کە ڕۆژگارێک بۆخۆیان زلهێزی جیهانی بوون و دواتر بە هۆکاری جۆراوجۆر لاواز بوون بۆیە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانیان بۆ مانەوە و ژیان هەوڵدانە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردووی پڕشکۆیەک کە لە خەیاڵیاندا وێنایان کردووە؛ بەواتایەکی ڕوونتر پوتین دەیهەوێ ڕووسیە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو و خولیای ئەو ژێئۆپۆلیتیکە لە میشکیدایە. بەتایبەتی کە لە ئێستەدا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری و سیاسی و ڕەوایی نێوخۆیی بەرەوڕووە.

 لەگەل ئەمەشدا پێویستە ئەم گریمانەیە بخەینە بەر چاو:  ئەرتەشی ڕوس درەنگ یان زوو بەرەو کییەف پێشڕەوی دەکات و جیهانی ڕۆژاوا هەتا ئێستا هەر چاولێکەر بوو و توندترین هەڵوێستێک کە تاکوو ئێستە گیراوەتە بەر دەرکردنی هەندێک ڕاگەیەندراو و تەحریمنامەی نوێ بووە دژ بە ڕووسیە . دوای پەرەگرتنی شەڕی ئۆکراین، بە دوور نازانرێت چینیش پەلاماری تایوان بدات کە لە ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن واشینگتۆنەوە دژ بە پێکەن پشتیوانی لێ کراوە؛ بەواتایەکی تر ئەگەری دووپاتبوونەوەی سیناریۆی ئۆکراین لە تایوانیش لە گۆڕێدایە.

لەلایەکی تریشەوە لەم بگرەوبەردەدا ئیسڕائیلیش ناچار دەبێ گورج و گۆڵتر بەرامبەر بە ئێران ڕابوەستێ و ئاستی تێسرەواندنەکانی چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و چ لە نێو سنوورەکانی خێراتر و جیدیتر بکاتەوە، بەتایبەت کە لە ئێستەدا ڕەوتی دانیشتنەکانی زیندووکردنەوەی بەرجام بە ئاقارێکدا ناڕوات کە خواستی ئیسراییلی لەسەر بێ و ئەو باوەڕە لای ئیسراییلییەکان بوونی هەیە کە نابێت ئیزنی ئەوە بە ئێران بدرێت پێشدەستی لێبکات.

لەم نێوانەدا وێدەچێ وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆڵەی ئۆکراین لە ڕوسیا بکەنەوە و شەڕ دێتە نێو جوغڕافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین و یەک لەوانەش جوغرافیای ئێرانەوە؛ ئەمەش بەو هۆکارەی کە یەکێک لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ڕووسیە، کە قەرزداریشیەتی، هەمان کۆماری ئیسلامییە و تاران ناتوانێ لەم نێوانەدا بێهەڵوێست بێت.

ئابووریی جیهان بەم شەڕانە تووشی هەڵاوسان دەبێ و گرانی و هەژاری زیاتر لە ئێران و وڵاتانی لەحاڵی شەڕدا پەرە دەستێنێ و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان زیاتر و زیاتر دەبن .

کۆی ئەم فاکت و گریمانەگەلە وا دەکەن مرۆڤ زیاتر بەو باوەڕ و قەناعەتە بگات کە ئەمە دەسپێکی شەڕێکی جیهانییە کە جەمسەربەندییەکانی تا دێت زیاتر خۆیان دەردەخەن. جەمسەربەندییەک کە وەک گوترا لەلایەکەوە وڵاتانی ڕۆژاوایی و لەلایەکی ترەوە ڕووسیە و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی جێیان گرتووە.

ئەوەیکە لێرەدا بۆ ئێمەی کورد زیاتر دەبێتە ڕۆژەڤ و دەبێ تەکوزی لەسەر بکەین لەڕاستیدا هەڵوێستی وشیارانەمانە لەبەرامبەر ڕووداو و پێشهاتەکان تاکوو بتوانین لەم ئاوە لیڵە بە قازانجی خۆمان ماسی بگرین و هەلەکان بە خوێندنەوەی دروستی ڕووداوەکان بقۆزینەوە؛ پێشمەرجی سەرکەوتنیشمان لەم گێژاوەدا کە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بۆ ئێران درووست دەبێ بریتییە لە وەلانانی کێشە و گرفتەکان و هەوڵدان بۆ یەکڕیزترکردنی خەبات و بەهێزترکردنی شار کە چەقی خەباتی ڕۆژهەڵاتە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.