کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی تووشبوانی کۆرۆنا گەیشتە سنووری ٩٠ هەزار کەس

17:51 - 6 بانەمەڕ 2720

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، بەنیسبەت نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاندووە، هەزار و ١٣٤ کەس دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٨٩ هەزار و ٣٢٨ کەس.

بە وتەی ناوبراو، بە گیانلەدەستدانی ٧٦ کەسی دیکە لە ٢٤ کاتژمیری ڕابردوو، ژمارەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٦٥٠ کەس.

''ئیرەج حەریرچی''، جێگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕاگەیاندووە کە ڕێژەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە بەنیسبەت پێشوو ٧٠ لەسەد دابەزیوە، بەڵام ئەوە لە حاڵێکدایە دوای ئەوەی کە هاتوچووەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ئازاد ڕاگەیەندران، لە هەندێک لە پارێزگاکان وەکوو: "ورمێ، فارس، سیستان و بەلووچستان، خووزستان و قوم و..."، ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە بەرزبووەنەوەدایە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەرپرسی شورای شاری تاران و هەندێک لە ئەندامانی ئەم شورایە ڕایانگەیاند کە ئاماری قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.