کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند

11:29 - 18 بانەمەڕ 2720

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٧٨ کەسی دیکە بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٦ هەزار و ٤١٨ کەس.

''کیانووش جەهانپوور'' ڕایگەیاند کە هەزار و ٦٨٠ کەسی دیکە بە ڕێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە زیاد بوونە و بەم شێوەیە کۆی تووشبووان بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ١٠١ هەزار و ٦٥٠ کەس.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەدان کە ئاماری قوربانییان و تووشبووانی ئەم نەخۆشییە زۆر زیاتر لەو ڕێژەیەیە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایدەگەیەنێت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ئەمڕۆ لە تویتێکدا باسی لە ڕەوتی بەرزبوونەوەی لەسەرەخۆی تووشبوون بەم نەخۆشییەی لە ١٥ پارێزگای ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، کردبوو.

 توییتی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هاتوچۆی خەڵکیان بۆ شوێنە مەزهەبییەکان و هەروەها شوێنە گشتییەکانی دیکەیان کە بە قسەی خۆیان لە دۆخی سپیدان، ئازاد ڕاگەیاندبوو.