کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١.٥ ملیۆن پیشە لە ئێران لەنێو چووە

18:22 - 23 پووشپەڕ 2720

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە بەهاری ساڵی ٩٨ی هەتاوی هەتا بەهاری ٩٩، نزیکەی ١.٥ ملیۆن پێشە لە ئێران لەنێو چووە.

ئاماری ئەو ناوەندەی ڕێژیم کە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ بڵاو بووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە سەرەڕای لەنێوچوونی ١.٥ ملیۆن پیشە، نرخی بێکاری دابەزیوە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بێکار لە گەڕان بە دوای کار ماندوو بوون و چیدیکە لە دوای کار ناگەڕێن.

کەسانی بێکار کە بە دوای کار ناگەڕێن لە ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران وەکوو بێکار نایەنە ئەژمار، بۆیە بە لەنێوچوونی ١.٥ ملیۆن پیشە نرخی بێکاری ١.١ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ٩.٨ لەسەد.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، مانگی جۆزەردان ئاماژەی بە دابەزینی نرخی بێکاری لە ساڵی ڕابردوو کردبوو و وتبووی: ''نرخی بێکاری لە ساڵی ڕابردوو بەم هۆیەوە دابەزیوە کە ٢٧ لەسەدی کەسانی بێکار بەهۆی دڵساردی لە دیتنەوەی کار لە بازاڕی کار هاتوونەتە دەرەوە".

هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی سندوقی نێونەتەوەیی دراو ئەوە نیشان دەدات کە نرخی بێکاری لە ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ١٣.٦ لەسەد بووە و ئەمساڵ دەگاتە ١٦.٣ لەسەد.

گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ناکارامەیی و گەندەڵیی سیستماتیک، گرینگی نەدان بە یەکە پیشەییەکان و... بە هۆکاری داخرانی پیشەکان و نەمانی هەلی کار دێنە ئەژمار.