کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ٦ هەزار کەس نزیک بووەوە

17:04 - 10 بانەمەڕ 2720

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە ٨٠ کەسی دیکە لە ماوەی ٢٤ی کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بە وتەی ناوبراو، کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٩٥٧ کەس.

هەروەها بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، هەزار و ٧٣ کەسی دیکەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ناسێندراون و کۆی گشتیی تووشبووان بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ٩٣ هەزار و ٦٥٧ کەس.

ڕاگەیاندنی ئەو ئامارە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ئەندامانی شورای شاری تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.

 هەروەها بە وتەی ''عەلیڕەزا ڕەئیسی''، جیگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، ٦٠ شارستان لە ئێران کە هەموو پارێزگاکان لەخۆ دەگرێت، لە دۆخێکی سووردان.