کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ٥٨٠٠ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە

17:32 - 8 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی ٨ی بانەمەڕ، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٩٦ تووشبوو بەهۆی کۆرۆناوە گیانی خۆیان لەدەست داوە و ژمارەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتە ٥ هەزار و ٨٠٦ کەس.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە ناساندنی ٩٩١ کەسی دیکەی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، ڕێژەی تووشبووان هەتا ئێستا گەیشتووەتە ٩١ هەزار و ٤٧٢ کەس.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەتا ئێستا ٢هەزار و ٣٠٠ کەس لە پزیشک و کادری دەرمانی لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و لەو ڕێژەیەش ١٣٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ڕاگەیاندنی ئەو ئامارە لە حاڵێکدایە کە چەندین بەناو نوێنەر لە مەجلیسی ڕێژیم و ئەندامانی شورای شاری تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.

 هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.

لەلایەکی دیکەوە شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم و وەزارەتی تەندروستی فەرمانیان داوە کە بەرپرسانی پزیشکی لە پارێزگاکان ئاماری پەیوەندیدار بە کۆرۆنا بڵاو نەکەنەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''عەلیڕەزا ڕەئیسی''، جیگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی بانەمەڕ، وتوویەتی کە ٦٠ پارێزگا لە ئێران لە بواری نەخۆشیی کۆرۆناوە، لە دۆخی سووردان.