کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی بڕیاری مەجلیسی ڕێژیم، بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئەپی شاد پارە لە قوتابییان دەستێندرێت

12:44 - 10 رەشەمه 2720

وەزیری پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، مەجلیس بە پەسەندکردنی یاسایەک دەوڵەتی ئەرکدار کردووە بۆ ئەپی ''شاد'' پارە لە خەڵک بستێنێت، ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر خوێندن بە شێوەی ئانلاین لە ڕێگای ئەپی ''شاد''وە بەخۆرایی بوو.

''ئازەری جەهرۆمی'' وەزیری پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: ''مەجلیس دەوڵەتی ئەرکدار کردووە کە نرخی تەعرەفەی ئینتێرنێت بۆ کەڵک وەرگرتن لە پەیامنێرە نێوخۆییەکان ٢٠ لەسەدی نرخی تەعرەفەی پەیامنێرە بیانییەکان دیاری بکات و بیستێنێت".

ناوبراو وتوویەتی، بەپێی ئەو پەسەندنامەیە دەوڵەت ئیتر ئیزنی بەخۆرایی کردنی ئەپی ''شاد''ی نییە و لە ساڵی داهاتووەوە خەڵک بۆ کەڵک وەرگرتن لە خوێندنی ئانلاین دەبێ پارە بدەن.

خوێندنی منداڵان کە ئێستا لە ھەموو شوێنێکی ئێران و کوردستان بۆ بنەماڵە دەستکورت و کەمداهاتەکان و منداڵەکانیان بوارێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی لەڕادەبەدەری پێک هێناوە، بووەتە هۆی وازهێنانی زۆرێک لە قوتابییان، بەپێی ئەو بڕیارەی ڕێژیم نەتەنیا کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت ڕێژەیەکی زیاتر لە قوتابییان واز لە خوێندن بێنن.