کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی ئێران، قوربانییانی کۆرۆنا گەیشتە هەزار و ٩٣٤ کەس

18:32 - 5 خاکەلێوه 2720

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەرزتر بووەتەوە و هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە لەلایەن ڕێژیمەوە هەڵناگیرێت.

''کیانووش جەهان پوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە، هەزار و ٧٦٢ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاند و بەم پێیە ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتە ٢٤ هەزار و ٨١١ کەسی دیکە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ١٢٢ کەسی دیکە گیانی خۆیان لەدەست داوە و بەگشتی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە هەزار و ٩٣٤ کەس.

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە هەروا هەڵدەکشێت، ڕێژیمی ئێران نە هەنگاوێکی جیددی بۆ ئەم نەخۆشییە هەڵدەگرێت و نە ڕێگا دەدات ڕێکخراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانیش بە هانای خەڵکەوە بێن.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور کە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا هاتبوونە ئێران و لە هەوڵدا بوون نەخۆشخانەیەکی سەحرایی دروست بکەن، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داوایان لێکرا کە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.