کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەرانی شیرکەتێکی ئێرانی بە سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئامریکا تاوانبار کران

17:52 - 30 بانەمەڕ 2720

ڕۆژنامەی ''وال ستریت ژورناڵ'' ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، نووسیویەتی کە دوو کەس بە ناوەکانی ''سەید سەجاد شەهیدیان'' و ''وەحید وەلی'' و شیرکەتەکەیان بە ناوی ''Payment24'' بە تاوانی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئامریکا، سپیکردنەوەی پارە و دزی و کڵاوبەرداری، دادگایی کراون.

"دادستانی" دەڵێت کە ''سەجاد شەهیدیان'' تەمەن ٣٣ ساڵ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری شیرکەتی ''Payment24'' لە بریتانیا دەسبەسەر کراوە و ڕادەستی ئامریکا کراوەتەوە و تۆمەتەکانی دیاری کراوە.

هەروەها ''وەحید وەلی'' کە تەمەنی ٣٣ ساڵە، هێشتا دەسبەسەر نەکراوە و هەوڵەکان بۆ دیتنەوەی بەڵگە و زانیاریی باوەڕپێکراو بەردەوامە.

شیرکەتی ''Payment24'' کە نزیکەی ٤٠ کارمەندی هەیە و نووسینگەکەی لە تارانە،  بەوە تاوانبار کراوە کە یارمەتیی بە کڕیارەکانی دەدات هەتا گەمارۆکانی ئامریکا دەور لێ بدەن.

بەپێی ئیدعانامەی "دادستانی"، ئەم شیرکەتە بە حەسێبێکی پی‌پاڵ، ئادرەسێکی IP لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کارتی دیاری ویزا و کارتی پێناس و فیشی ساختەیی، یارمەتیی کڕیارانی ئێرانیی داوە کە بە شێوەی ئانلاین لە ئامریکا کاڵا بکڕن.

ئەم دوو کەسە لەبارەی شوێنی مەبەستی کاڵاکانی خۆیان زانیاریی هەڵەیان داوە و هەروەها ''شەهیدیان'' بەڵگەی ئیقامە و پاسپۆرتی ساختەیی نیشانی شیرکەتەکانی ئامریکایی داوە.