کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەرایەتیی تەلەفزیۆنی تیشک ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

13:29 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرایەتیی تەلەفزیۆنی تیشک، سەبارەت بە چۆنیەتیی وەرگرتنی کاناڵی تیشک لە دەزگای رێسیڤێرەکان و هەروەها پەخشی کاناڵەکە لە وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپاییدا، ئاگادارییەکی ڕوو لە بینەرانی ئەم تەلەفزیۆنە بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

بینەرانی بەڕێزی تیشک،

لەم ماوەی چەند رۆژەدا، کە پەخشی ئاسایی تەلەفزیۆنی تیشک دەستی پێ کردۆتەوە، وێڕای خۆشحاڵیی بەرفراوانی خەڵک لەو دەسپێکە دووبارەیە، هەندێک پرسیار لە شوێنی جیاوازەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەلەفزیۆنی تیشک هاتبوو، کە بە مەبەستی ڕێزدانان بۆ بەخەمەوەبوونی ئێوە و هەروەها بەدواداچوونتان بۆ تەلەفزیۆنی خۆشەویستی خۆتان، بە ئەرکی سەرشانمان زانی، کە لە راگەیەندراوێکدا هەموو بینەران و ئۆگران ئاگادار بکەینەوە.

یەکەم پرسیار سەبارەت بە پەخشی تیشکە، کە  بە هۆی ئەوەی بە کەیفیەتی ئێچ دی بڵاو دەبێتەوە، هەندێ لە دەزگای رێسیڤێرەکان وەریان نەدەگرت، بۆیە بینەرانی بەڕێز پێویستە کە دەزگای رێسیڤێرێکیان هەبێت کە توانای وەرگرتنی کاناڵە ئێچ دییەکانی هەبێت.

دووهەم پرسیار لەسەر نەبوونی دەنگ لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکاندایە، کە بە هۆی ئەوەی هەندێ لە دەزگای رێسیڤرەکان سیستمیان بەو جۆرەیە، دەبێت ئەو فرێکانسەی کە تلوفزیۆنی تیشکی لێ بڵاو دەبێتەوە لە سەر دەزگای رێسیڤێرەکەیان بیسڕنەوە و دووبارە فرێکانسی تیشک، واتە  ١٢٥٩٤، پێی بدەنەوە و دووبارە زەخیرەی بکەنەوە تاکوو کێشەی دەنگەکەی چارەسەر ببێت.

سێهەم پرسیار سەبارەت بە پەخشی تیشک لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا بوو، کە پێویستە ڕای بگەیەنین، کە بە هۆی ئەوەی کە، ئەو مانگە دەسکردەی کە تەلەفزیۆنی تیشکی لێ بڵاو دەبێتەوە، چەقی پەخشەکەی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و ئورووپای ڕۆژهەڵاتە، لە وڵاتانی ئوروپای ڕۆژاوا و ئامریکا و کانادادا، وەری ناگرێت و دەتوانن داوا لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کاناڵە ئاسمانییەکان بکەن، کە لە ڕێگەی کابل و ئیشتراکی مانگانەوە کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشکیش زیاد بکەن، هەر وەک لە هەندێ وڵات لە ڕێگای دەزگای ئایستار و کۆمپانیای پێوەندیدارەوە ئەو کارە کراوە و بینەرانی بەڕێز لە وڵاتانی ئورووپایی لەو ڕێگەوە چاو لە کاناڵی خۆیان دەکەن.

وێرای سپاس بۆ بینەران و بەخەمەوەبوونیان، هەر وەک ڕاگەیەندراوە، لە ڕێگەی واتساپ و سۆشیاڵمیدیای دیکەوە، بە ژمارەی (٠٠٤٦٧٢٢٥١٨٧٧٧)ـەوە، دەتوانن پێوەندی بە تەلەفزیۆنی خۆتان، تەلەفزیۆنی تیشکەوە بکەن و لە دەرفەتەکانی داهاتووشدا هەوڵ دەدەین وەڵامدەری پرسیار و پێشنیار و تێبینییەکانتان بین.

بەڕێوەبەرایەتیی تەلەفزیۆنی تیشک

٥ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردی

٢٥ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی