کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەری بەنداوی "دووکان": ئێران لە بواری ئاودا هاوکاریمان ناکات

12:30 - 5 گەلاوێژ 2722

"کۆچەر جەماڵ تۆفیق" بەڕێوەبەری بەنداوی "دووکان" سەر بە شاری "سلێمانی" لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو بەنداوانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لە لایەن رێژیمیئێرانەوە لێدراون بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئاوی بەنداوی دووکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکات.

"جەماڵ تۆفیق" هەروەها باسی لەوەش کردووە کە لە "بەغدا" نوێنەرێکمان سەبارەت بەو بابەتە ناردووەتە ئێران بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە هاوکاریتان ناکەین.

ناوبراو زیادی کرد، ڕێژەی ئاوی بەنداوی دووکان بەهۆی نەهاتنی خێرایی ئاوی چۆمی کەڵوێ (زێی بچووک) کەمی کردووە و ئێستا ئەو بەنداوە تەنیا ٤١ لەسەدی دەفرایەتیی خۆی ئاوی تێدایە.

ئەم ڕووبارە لە بناری زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت و لە ڕۆژاوای کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دەڕژێتە چۆمی "دیجلە". درێژی ئەم ڕووبارە نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمیترە و ڕووبەرەکەی ٢٢ هەزار کیلۆمیتر دەگرێتەوە.

"بنەوشە کینوش" لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە "واشنتۆن" بە هەواڵدەریی فەڕانسەی وتووە: "لە دوای بەنداوی دووکان، ئێران چەند بەنداوی لەسەر چۆمی "زێی بچووک" دروست کردووە کە بووەتە هۆی ئەوەی ٨٠ لەسەدی ئاستی ئاوی ئەو چۆمە دابەزێت".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان وتووە کە لەو چۆمانەی کە دەڕژێنە "دیجلە و فورات" تەنیا نزیک ٦ لەسەدی ئاوی ئەو دوو چۆمە پێک دێنن، دەبێ کێشەکانی خۆیان لەو بوارەوە لەگەڵ "تورکیە" چارەسەر بکەن.