کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەریی شاری مەریوان، لە دەرەوەی توانای شارەداری و ئەندامانی شۆرای ئەم شارەیە

17:59 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی ناکارامەیی و نابەرپرسیاریەتیی شارەوانی و شۆرای شاری مەریوان، ئەم شارە لەگەڵ چەندین قەیران و کێشەی گەورە بەرەوڕوو بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دۆخی نالەباری نێو شاری مەریوان و گوێنەدانی بەناو بەرپرسانی ئەم شارە، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەک لەنێو شاری مەریوان لەمبارەوە ڕایگەیاند: "کۆنەکردنەوەی زبڵەکان، خراپیی ئاسفاڵتی شەقام و کۆڵانەکان، شکانی لوولەی ئاوی نێو کۆڵان و پارکەکان و هەروەها ناستانداردبوونی کەلوپەلی یاریکردنی منداڵان، تەنیا چەند نموونە لە کێشەکانی شاری مەریوانن کە ژیانی خەڵکی تێکداوە".

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "کەمتەرخەمی و ناکارامەیی شارەداری و شۆرای شاری مەریوان، خەڵکی ئەم شارەی تووڕە کردووە و لە زۆر حاڵەتدا، خەڵک بۆ خۆیان کاروباری شارەداری لە شەقام و کۆڵانەکانیان ئەنجام دەدەن و چاڵەکان پڕ دەکەنەوە".

وێڕای ئەوەی چەندین کێشە و قەیران بەرۆکی شاری مەریوانی گرتووە، بەناو بەرپرسانی شارەداری و شۆرای ئەم شارە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا سەرقاڵی دانانی بابەتگەلێکی گاڵتەجاڕانەن و بە هەندێک بابەتی چەواشەکارانە، ئەم کێشانە لە پێش چاوی خەڵک دەشارنەوە.

هەروەها، کرێکارانی شارەداریی مەریوان، لەم ساڵانەی دواییدا، هەمیشە لەگەڵ وەرگرتنی مووچە، بەرەوڕووی کێشە بوونەتەوە و جاری وایە تا شەش مانگ پارە وەرناگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی سەرەوەتر، لە کاتی خۆیدا پارەی خۆیان وەردەگرن و مافی کرێکارانی شارەداری پێشێل دەکەن.

کێشە و قەیران لە شارەدارییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەبێت و کرێکارانی ئەم ناوەندانەش، زۆرتر لە هەمیشە مافەکانیان پێشێل دەکرێت. هەروەها کێشەگەلی جۆراوجۆر لە بەڕێوەبەریی ڕێژیم لە شارەکاندا، خەڵکی وەزاڵە هێناوە.