کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دیبەیتی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

17:53 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازی و رۆژی شەهیدانی کوردستاندا، خوێندنگەی پێشەوا لە شاری کۆیە دیبەتێکی بەرێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی ۱٠ی خاکەلێوەی ۱۳۹۸ی هەتاوی لە یادی ۷۲ساڵەی شەهیدکرانی  پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانیدا، بۆ رێزگرتن لە بیر و ئەندیشەکانی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی، خوێندنگەی پێشەوا لە شاری کۆیە دیبەیتێکی بەرێوە برد.

پاش راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، دیدارەکە بە وتەکانی مامۆستا شەهین عوسمان بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە دەستی پێکرد.

لەو دیبەیتەدا کە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، بەرپرس و ئەندامانی رێکخراوەکانی ژنان و لاوان و خوێندکارانی دێموکرات و بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە حیزبی و حکومییەکانی شاری کۆیە بەشدار بوون، فواد خاکی بەیگی ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی لە نێو نەتەوەی کورددا پێشکەش کرد.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکرات، وێڕای باسکردن لە کەسایەتی کاریزماتیکی پێشەوا قازی لە کۆمەڵگای کوردیدا، هەوڵەکانی پێشەوا قازی لە رەهەندی جیاوازە وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی، بە فەرمی کردنی زمانی کوردی، پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی و ...بەرز نرخاند و کاریگەری هەرکام لەو بوارانەی تا بە ئەمرۆ لە رەخساندنی یەکگوتاری لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان باسکرد.

دیبەیتەکە پاش پرسیار و وڵامدانەوە بە بەشداران کۆتایی پێهات.