کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی تایبەت بە ٢ی رێبەندان لە وڵاتی فینلاند

11:55 - 1 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، بۆ رێزگرتن لە ٢ی رێبەندان، ٧٣هەمین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی بەفرانبار بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران‌و دۆستانی حیزب ‌و هەروەها نوێنەری حیزب‌ و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە شاری تورکو ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب‌ و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کومیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی فینلاندکە تێیدا وێڕای باسکردن لە سەردەمی کۆمار، بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئێران‌و ناوچە ئاوڕی لێ درابووەیەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە درێژەی بەشی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا، نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوەکان پەیامەکانی خۆیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:

- پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

- پەیامی لیژنەی رێکخراوی پارتی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند

- پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

- پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە فینلاند

- پەیامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان

- لە بەشێکی دیکەدا، ئاماژە بە پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی کوردستان ‌- باشوور و پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند کرا کە بۆ رێوڕەسمەکەیان ناردبوو.

نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمە بەشکۆ بە پەخشان و گۆرانی و موزیک ڕازێندرابوویەوە؛ دوابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە شایی و گۆڤەند و هەڵپەڕکێی بەشداربووان.