کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران

00:32 - 24 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بۆ رێزگرتن لە دەیەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رێوڕەسمێک لە بنکەی سەرەکی ئەو رێکخراوە لە کۆیە بەڕیوەچوو.

ئەم رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی دەستەی بەڕیوەبەریی یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەژین بەهرامی، ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەریی ئەو رێکخراوەوە خوێندرایەوە.

پاشان، پارچە مووسیقایەک لەلایەن کاوە پەرویزی پێشکەش کرا.

دواتر، دوکتور هەژار رەحیمی، وەکوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوابەدوای ئەوە، سروودێک لەلایەن کوڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات و شیعرێک لەلایەن جەماڵ فەتحی‌ـەوە پێشکەش کران.

ئەم رێوڕەسمە بە گۆرانییەک لەلایەن غوڵام فاتێحی بە هاوکاریی کوڕی هونەریی حیزبی دێموکرات کۆتایی پێهات.

کۆمەڵێک پەیام، چەپکەگوڵ و برووسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی دەیەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران بۆ رێوڕەسمەکە نێردرابوو.

ئەو پەیام و برووسکانە بریتی بوون لە:

کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژهەڵات
توڕی چەتری رێکخراوەکان/ کۆیە
رێکخراوی هاندانی ژمێریاران و وردبینان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ــ لقی زانکۆ و پەیمانگاکانی کۆیە
کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ــ کۆیە
فێدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی کۆیە
بزووتنەوەی گۆڕان ــ مەکۆی کۆیە
یەکیەتیی گشتیی قوتابیانی کوردستانی عێراق ــ سەنتەری کۆیە
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی عێراق ــ لێژنەی کۆیە
کۆمیتەی رێکخستنی حیزبی شیوعیی کوردستان ــ کۆیە
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٣ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد لە دەروەی وڵات و ناوخۆی وڵات، دامەزرا.

مەبەست لە دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران، بە ئۆرگانیزاسیۆن کردنی خەبات و چالاکیی خوێندکارانی کورد لە زانستگەکانی کوردستان و ئێران بوو، چونکە هەتا ئەو کات خوێندکاران بە شێوەیەکی پەرتەوازە و بێ پلان و بێ رێکخراو چالاکیان دەکرد و لە چوارچێوەی گوتارێکی تایبەتی کوردی و نەتەوەییدا کارییان نەدەکرد و ئەگەرچی کار و کردەوەکانیان بۆ خزمەت بە ئازادیخوازی و نەتەوەخوازیی کورد بوو.

ئاویەر.ت