کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی \"١٠\"ی خاکەلێوە لە واشێنگتۆن دی سی

22:08 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بە بەڕێوە بردنی رێوڕەسمێک و پیشانگایەک یادی ١٠ی خاکەلێوەیان لە دەڤەری واشێنگتۆن بەرز راگرت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا رێوڕەسمێکیان بە بۆنەی١٠ی خاکەلێوە بەڕێوە برد.

لەو رێوڕەسمەدا ئاره‌ش ساڵح نوێنەری حیزبی دیمۆکرات لە ئامریکا باسی لەسەر گرینگی لێکدانەوەی لایەنە جیاوازەکانی ١٠ی خاکەلێوە و بڕیارەکانی سەرکۆماری کوردستان و کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان لەو سەردەمەدا کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنە جیاوازەکانی بڕیاری قازی محەممەد بوونەتە نەریتێک لە ناو حیزبی دیمۆکراتدا کە هەتا ئێستاش کاریگەریان لەسەر چۆنیەتی بڕیار دان هەیە.

ئارەش ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە قازی محەممەد بە هەڵسوکەوتی شۆڕشگێرانە و بە بڕیاری شۆڕشگێرانە توانیویەتی واقێعێکی نوێ لە کوردستان پێک بێنێت کە هەتا ئێستاش رەنگدانەوەی هەیە و لە داهاتووشدا سەرچاوەی گۆڕانکاری قووڵ دەبێت.

لە درێژەی ئەو رێوڕەسمەدا رەحیم رەشیدی ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا باسی لە رۆڵی بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان کرد وتی کە کۆماری کوردستان کۆمارێک بووە بۆ هەموو نەتەوەی کورد.

ناوبراو رایگەیاند کە ئەمڕۆ دۆژمنانی گەلی کورد و دوژمنانی کۆمار زۆر هەوڵ دەدەن کە ناوی کۆماری کوردستان بگۆڕن بە کۆماری مەهاباد کە ئەمە پیلانێکی لە پێش داڕێژراوە.

هەر لە دریژەی ئەو رێوڕەسمەدا مەحبوبە حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا کورتەیێک لە ژیاننامەی قازی محەممەدی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها لەو رێوڕەسمەدا پیشانگایەک لە وێنەی شەهیدان بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەشدارنەوە پێشوازی لێ کرا. هەروەها کورتە فیلمێک بەم بۆنەوە لەلایەن ووریا عەبدوللا زادە ئامادە کرابوو کە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

کازیوە.ر