کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات + وێنە

22:15 - 26 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ بیست و دووهەمین ساڵڤەگەڕی تیرۆری رێبەری نەتەوەیی و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، د. سادقی شەرەفکندی و هاوڕێیانی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، رێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٢ـەمین ساڵڤەگەری تیرۆری شەهیدانی میکۆنووس لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانـەوە، بە بەشداری میوانان، ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری بە تایبەت شەهیدانی میکۆنووس دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن هەیئەتی بەرێوەبەری رێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتەوە بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربوان کرا.

لە بەشی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا، حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تیرۆری میکۆنووس و تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران چەن وتەیەکی پێشکەش کرد.

هەروەها لە درێژەدا گورانییەکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە بەشداربوان کرا.

زامێکی تر پەخشانێک بوو کە لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەیان مێهفەر ـەوە سەبارەت بە گێڕانەوەی رووداوی میکۆنووس پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی ساڵڤەگەڕی تیرۆری د.سادق شەرەفکندی و هاوڕێیانی، پەیامی یەکیەتی ژنان، لاوان وخوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئومید عەبدی ـەوە خوێندرایەوە.

پاشان جەماڵ فەتحی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، پارچە شیعرێکی لە ژێر ناوی خەرمانانی شیعر پێشکەش کرد.

بەشی کۆتایی رێورەسمی ٢٦ی خەرمانان بۆ پێشکەش‌کردنی سروودی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکرات تەرخان کرابوو.

هەروەها بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە و بەمەبەستی بەرزراگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنووس، کێبڕکێی هەڵاتنی ماراتۆن بە بەشداری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام درا.