کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ناوەندی نێرگز لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات

17:38 - 16 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێکی تایبەت بە رێزلێنان لە سەرکەوتوانی دەورەیەکی پەروەردەیی و خولێکی راهێنان لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەندی نێرگزەوە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی کۆتایی خولی پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداری رێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکان و منداڵانی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لە گیانی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی نێرگز لەلایەن شۆڕش زەندی بەرپرسی ناوەندی نێرگزەوە خوێندرایەوە و لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵان سەرەکیترین ئەرکی دایک و باوکانە، پێویستە دایک و باوکان بۆ پەروەردەییەکی شیاو و سەردەمیانە ئەو پەڕی هەوڵ و تەقالای خۆیان بدەن ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵانی دەست پێکردنی خۆێندنەکان لە گەڵ ماموستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانە‌کان دابەش بووە. کە وابوو سیستم ڕاهێنان دە‌بێ هاوئاهەنگ لەگەڵ بنەماڵەکاندا خۆی بۆ پەروەردەی منداڵەکان بگونجێنێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتبوو ئەو منداڵانەی نێو بنکەکانی حیزب، منداڵانی شۆڕش، سەرەڕای کەم و کۆڕی و گرفتی زۆر لە هەموو رەهەندەکانی ژیانەوە، بێ ئەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ژیانیان نارازی بن سەرکەوتوانە قۆناغەکانی خۆێندنیان تێپەڕاندووە لە زۆر بواردا بوونەتە نموونەییەکی سەرکەوتوو. کە وایە دەبێ لە جاران زیاتر لە جاران هەوڵ و تەقالای خۆیان بۆ گەشە و پەروەردەی سەردەمیانەی منداڵان بە هەموو کەند و کۆسپەکانیەوە تەرخان بکەن.

دوابەدوای ئەوەش دوو سروود لە ژێر ناوی ئەی کوردینە و سروودی شادی لەلایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش کران.

پاشان، گۆرانی بڕیاری چی بدەم لەلایەن ئەوین عەلی مورادیـەوە پێشکەشی ئامادەبوان کرا.

دواتر بە پێشکەش‌کردنی گورانییەک لەلایەن شەپۆل رەحیمی و بێریڤان عەزیمیـەوە رێوڕەسمە رازێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، ئارێز شێخی دوو پارچە شێعری لە ژێر ناوی وڵاتی من و من پێشمەرگەم پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، منداڵانی ناوەندی نێرگز چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.

شۆڕش زەندی، بەڕێوەبەری ناوەندی نێرگز لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئاماژەی بەوەدا: ناوەندی نێرگز پاش بەڕێوەبردنی چەند دەورەی نیگارکێشی و کاری دەستی لە قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێکەڵاو، باخچەی ساوایان و ئەو ناوەندە، لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی بە بۆنەی سەری ساڵ و جێژنی نەورۆز چەند چالاکی و کێبڕکێی لە بوارە جۆراجۆرەکانی هونەری و وەرزشی لە نێو منداڵانی هەر سێ ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و منداڵانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە بردبوو.

ناوبراو مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم چالاکی و کێبڕکێیانە، کردنەوەی پیشانگایەک لە چالاکی و توانایی منداڵانی حێزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە بۆ ناساندنی ئاستی تواناکانی منداڵانی نێو کەمپەکانی حیزب، گەڕاندەوە.

لە کۆتایی ئەم رێوڕەسمە تایبەتەدا، سەرکەواتوانی خولەکە لەلایەن ناوەندی نێرگزەوە خەڵات کران.

کازیوە.ر