کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنان

19:30 - 13 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێرناوی کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن و بە دروشمی پێشەنگی ژنی کورد لە پێناو دوارۆژێکی ئازاددا، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش‌نیوەڕۆی رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.

ئەم رێوڕەسمە بە بەشداریی ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی ژنان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٣، ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شاندی حیزبی دێموکرات، لە مەقەڕی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، شنە دروودگەر، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان، راپۆرتی کۆتایی‌هاتنی کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.

دواتر، غوڵام فاتحی بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات، گۆرانییەکی لە ژێر ناوی خەمی نان پێشکەش کرد و رێوڕەسمەکەی رازاندەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، شەهین بەهمەن‌سوڵتانی، لەلایەن کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات (ئورووپا)، بە نوێنەرایەتیی لە بەڕێوەبەریی پێشوو چەپکەگوڵێکی پێشکەش بە ئیلهام چاییچی، سکرتێری پێشووی ئەو یەکیەتییە و هەروەها چەپکەگوڵێکێشی پێشکەش بە فاتمە عوسمانی، سکرتێری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێهەم کرد.

پاشان، لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سوپاس و پێزانینی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگە و ئۆرگانانەی حیزبی دێموکرات کرا کە لە بەستنی کۆنگرەکەدا هاوکار و یارمەتیدەری یەکیەتیی ژنان بوون.

پاشان لەلایەن بەشدارانی رێوڕەسمەکەوە پیرۆزبایی لە هەیئەتی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنان کرا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خوازرا.

رێوڕەسمەکە بە شایی و گۆڤەند کۆتایی پێهات.