کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی كۆتایی دەورەی ٢٠٤ی سەرەتایی پێشمەرگە

19:09 - 27 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: رێوڕەسمی كۆتایی دەورەی ٢٠٤ی سەرەتایی پێشمەرگەی حدك ئێران رێكەوتی ٢٧ی رەزبەر بەبەشداری ئەندامانی رێبەرایەتیی و كادر و پێشمەرگە و بنەماڵەكانی حیزب بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێوڕەسمەكە بە رێژەی نیزامیی بەشدار بوانی دەورەی ٢٠٤ی سەرەتایی پێشمەرگە دەستی پێكرد و دواتریش چەكۆ رەحیمی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكرات وتەیەكی پێشكەش بە بەشدار بوان كرد.

چەكۆ رەحیمی وتی: لە ماوەی بەڕێوە چوونی دەورەی ٢٠٤دا كۆمەڵێك ئاڵوگۆڕی گرینگ هاتوونەتە پێش و بەستنی كۆنگرەی ١٥یەمی حیزب یەكێك لەو پرسە گرینگانەیە.

رەحیمی وتیشی: حیزبی دێمۆكرات سەلماندوویەتی كە لە هەلومەرجی سەخت و دوژواردا توانای بەستنی كۆنگرەی هەیە.

ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكرات لە درێژەدا باسی لە درووشمی كۆنگرە كرد و ئاشكراشی كرد، ئێمە درووشمی هەوڵدان بۆ یەكریزی لە پێناو سەركەوتندا بە خوێندەنەوەیەكی ئەمرۆ لە كۆمەڵگای كوردستان و ناوچە هەڵمان بژاردووە.

چەكۆ رەحیمی لەبەشێكی دیكەی ئاخاوتنەكەیدا پڕژایە سەر كاریگەری گەمارۆكانی سەر رێژیمی ئێران و لەو باوەڕەدابوو، كاریگەریی گەمارۆكان بە رادەیەكە كە ئابووری ئەو رێژیمەی بەرەو لاوازێكی بەرچاو بردووە.

باسێكی دیكەی ئەو ئەندامی رێبەرایەتیە پێوەندیی بە حەشیمەتی ئێران و سیاسەتی رێژیمی ئێران و ئامانجی شاراوەی ئەو سیاسەتە بۆ خۆ ئامادە كردنی شەڕ و بەكارهێنانی هێزی مرۆیی بوو.

لە بڕگەیەكی دیكەی رێورەسمەكەدا بەهمەن كەریمی یەكێك لە مامۆستایانی دەورەكە راپۆرتی ئاموزشی دەورەی ٢٠٤ی خوێندەوە.

ئیسماعیل زورمەند یەكێك لە بەشدارانی دەورەی ٢٠٤ پەیامی دەورەی بەو بۆنەیەوە پێشكەش بە ئامادە بوان كرد.

بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكە تەرخان كرابوو بۆ ناساندن و خەڵات كردنی نەفەراتی سەركەوتووی دەورەكە.

هەروەها لە ناوئاخنی رێورەسمەكەدا سێ‌ گورانی لەلایەن بەشدارنی دەورەی ٢٠٤ی سەرەتایی پێشمەرگەوە پێشكەش بە ئامادە بوانی رێوڕەسمەكە كرا.