کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان لەسەر مونۆمێنتی شەهیدانی میکۆنۆس

18:03 - 30 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەرێستۆرانی میکۆنوس بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆری شەهید د. سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی لەرێستۆرانی میکۆنۆسی بێرلین رێورەسمێک بەرێوەچوو.

سەرەتای ئەم رێوڕەسمە بە خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن رەشید رەحمانیـەوە بەرپرسی بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی حیزب لەئاڵمان خوێندرایەوە.

رەحمانی لەبەشێکی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە: رێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان پێی وابوو بە شەهیدکردنی رێبەری هەڵکەوتووی گەلەکەمان شەهید د. عەبدولڕحمانی قاسملوو دەتوانێ بزووتنەوەی رەوای گەلەکەمان بەچۆک دا بێنێ، بەڵام بە بوونی رێبەر و قوتابییەکی بەوەفا و لێهاتووی کاک دوکتور قاسملوو، خەونەکانی کۆماری ئیسلامی بڵقی سەر ئاو بوون و مەشخەڵی خەباتی نەتەوەکەمان لەکوردستانی رۆژهەڵات بە سکرتێریی دوکتور سادق شەرەفکەندی و لەژێر مودیریەتی ئەو رێبەرە لێهاتووەدا ،رووناکتر لەجاران بڵێسەی ساند و ترسی خستە دڵی تاریک پەرستانەوە.

ناوبراو لەبەشێکی دیکەی پەیامەکدا ئاماژەی بە رۆڵی دیپلۆماسییەتی شەهید د.شەرەفکەندی کرد کە: دوکتور سادق شەرەفکەندی وێرایی ئەوەی کە مودیرێکی بە بڕشت و بەتوانا بوو، لەهەمان کاتدا دیپلۆماتکارێکی لێزانیش بوو. باوەری قووڵی بە یەکیەتی و تەبایی چ لەنێو پارت و رێکخراوە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و چ لەنێوان گەلانی ئێران و حیزب و رێکخراوە سیاسییەکاندا هەبوو و لەو بوارەدا هەوڵ و تێکۆشانی زۆری دا.

پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنۆس لەلایەن رامیار فەتحی ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات خوێندرایەوە.