کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لەژێر ناوی \"ئێران داهاتوویەکی بێ زوڵم و زۆری دەوێت\" لە پارلمانی سوێد

21:53 - 28 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: سمینارێک لە پارلمانی سوێد بە بەشداریی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و ژنان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، سمینارێک لەژێر ناوی ئێران داهاتوویەکی بێ زوڵم و زۆری دەوێت، لەلایەن پارتی گەلی سوێد و بە هاوکاریی کۆمیتەی حدک ئێران ــ سوێد، لە پارلمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

پاش بەخێر هاتن کردنی میوانان لەلایەن بەڕێز فریدریک ماڵم، سمینارەکە بە وتەکانی بەڕێز ئیدریس ئەحمەدی دوکتۆرا لە زانینگەی ستۆکهۆڵم و پسپۆڕی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئێران، دەستی پێکرد.

ناوبراو لەو سمینارەدا لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و ئاکامەکانی ئەو بەرنامە کۆمەڵێک باسی پێشکەش کرد.

دواتر بەڕێز خاتوو مێهرئەنگیز کار نووسەر و چالاکی مافی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ بەشدارانی سمینارەکە دوا.

لە درێژەی سمینارەکەدا بەڕێز دوکتور مێرۆ عەلیار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزب باسێکی لەسەر فرەچەشنی و فرەنەتەوە بوونی ئێران و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێشکەش کرد.

مێرۆ عەلیار لەو پێوەندییەدا گوتی: بەپێچەوانەی پـڕوپاگەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هێندێک لایەنی دیکەی ئوپۆزسیۆن، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ ئازادی و دێمۆکراسی و ئێرانێکی فیدراڵ و سێکۆلار خەبات دەکەن.

بەڕیز مەریەم عەلی‌پوور وتارێکی لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی سمینارەکە پێشکەش کرد.

پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە لە پێکهاتەی سیاسیی ئێران و یاسای بنەڕەتیی رێژیم، بابەت‌گەلیک بوون کە مریەم عەلی‌پوور لە پێشکەشی بەشداربوانی کرد.

پاشان ناتان شاکار هەواڵنێری رۆژنامەی داگگێنز نیهێتەر لە ئورشەلیم باسێکی سەبارەت بە رەوشی ناوچە و پیوەندیی نێوان ئێران و سووریە پێشکەش کرد.

لە کۆتایی سمینارەکەدا شەهریار ئاهی، چالاکی سیاسی، وتەیەکی سەبارەت بە ئابووریی جیهان و رۆڵی کەنداوی فارس پێشکەش کرد. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە کێشەی ناوکیی ئێران و هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران و رۆژئاوا لەو پێوەندییەدا پێشکەش کرد.
524.jpg


523.jpg


522.jpg


520.jpg