کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێكی هاوبەشی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و ژنانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

16:30 - 5 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بنبڕكردنی توندوتیژی لەدژی ژنان سمینارێکی هاوبەشی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات و ژنانی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ناوەندی رۆشنبیریی ئەندیشە و هۆڵی سیروانی نوێ‌ لە شاری سلێمانی، سمینارێكی هاوبەش لەلایەن ژنانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و یەكیەتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەو سمینارەدا کورتەیەک لە سەر میژوویی رۆژی ٢٥ی نۆڤامبر لەلایەن بەڕێز ئارێز محەممەدی پێشکەشکاری سمینارەوە خوێندرایەوە و پاشان بەڕێز فەریبا محەممەدی بەرپرسی رێکخراوی ژنانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە توندوتیژی و فەقر چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
محەممەدی لەسەر گرینگیی بارودۆخی ئابووری لە ژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژی لە دژی مرۆڤ و بەتایبەت لە دژی ژنان بۆ بەشدارانی سمینارەکە دوا.

دواتر بەڕێز ئیلهام چایچی بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی دیارەی توندوتیژی لەدژی ژنان چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە قسەی بۆ بەشداران کرد و لەسەر توندوتیژیی سیاسی ــ دەسەڵاتی توندوتیژ و شیوازەکانی ئەم جۆرە توندوتیژییە دید و بۆچوونەکانی دەربڕی.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا بەڕێز ئەڤین مستەفازادە ئەندامی ناوەندی رۆژهەڵات بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ئامارە پێوەندیدارەکانی بە توندوتیژی لەدژی ژنان پێشکەش بە بەشداران کرد.
لە کۆتایی سمینارەکەدا بەشداران را و بۆچوون و پرسیاری خۆیان پێشکەش بە کۆڕگێڕان کرد و لەلایەن بەڕێوەبەرانی سمینارەکەوە وەڵام درانەوە.