کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری بەرزڕاگرتنی یادی د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە سلێمانی

17:07 - 26 پووشپەڕ 2721

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی سێمینارێکی بۆ هەر یەک لە "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزب و "فوئاد خاکی‌بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب پێک هێنا.

سەرەتای سێمینارەکە، کە تێیدا بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە شاری سلێمانی بەشدار بوون، بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "مستەفایی" وتەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ "پێوەندییەکانی دوکتور "قاسملوو" دەس پێکرد و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە گرینگیی پرسی پێوەندیگرتن لەگەل لایەنە جۆربەجۆرەکان ئاوڕی لە بایەخداربوونی ئەم کەرتە لەلای دوکتور "قاسملوو" دایەوە و وتی: "دوکتور قاسملوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی درکی تەواوی بەنیسبەت ئەم خاڵە گرینگەوە هەبوو بۆیە لەسەر چەند بنەما هەوڵی بۆ پێوەندیگرتنی قوڵ لەگەڵ لایەنەکان و خەڵک و دەسەڵاتەکان دەدا کە بریتین لە: ستراتێژی، سیاسەت، ئوسوول و پڕەنسیپ، دابەشکردنی ئەرک و هەروەها هەوڵدان بۆ یارگیری".

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا لەسەر بنەمای "ستراتێژی"، ئاماژەی بە کتێبی "کوردستان و کورد"ی دوکتور "قاسملوو" کرد و وتی: کاک دوکتور لەم کتێبەدا باس لە نەتەوەبوونی کورد و جوغڕافیایەک دەکات کە لە سەریدا دەژی. هەروەها باس لە ئابووری و مافەکانی ئەم نەتەوە دەکات و لە ئاکامگیری کتێبەکەشدا ئەو ستراتێژییە کە دوکتور "قاسملوو" دایڕشتووە بۆ خەبات دەکەوێتە بەرچاو کە لە ڕاستیدا ستراتێژییەکی نەتەوەییە؛ واتە هەوڵدانی کاک دوکتور لەپێناوی نەتەوەدایە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لە دۆستەکانی دوکتور "قاسملوو" کرد لەوانەش دوکتور "بێرنارد کۆشنێر"، دوکتور "فرێدریک تێسۆ" و دەیانی تر کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر دۆخی گشتی کورد و بەتایبەتی کورد لە کوردستانی باشوور کە ئەمەش ئاکامی پێوەندییە دروست و بنەمادارەکانی دوکتور "قاسملوو" بوو.

لە پاش "مستەفایی"، فوئاد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگیڕیی حیزب باسەکەی خۆی لە سەر "جیاوازییەکانی دوکتور "قاسملوو" لەگەڵ ڕێبەرانی دیکەی کورد" پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە نەسڵی نوێی کوردستان کە بە جەستە و لە نیزیکەوە د.قاسملووی نەبینیوە بەڵام خۆی لە چوارچێوەی فەلسەفەی وجودیی دوکتور "قاسملوو"دا دەبینێتەوە پڕژایە سەر تایبەتمەندییەکانی د.قاسملوو کە جیای دەکاتەوە لە ڕێبەرانی دیکەی کورد؛ لەوانەش وازهێنان لە ژیانی خۆش و ئاسوودەیی لە ئورووپا و ڕۆژاوا و بەپێچەوانەوە گەڕانەوە بۆ سەنگەرەکانی خەبات لە کوردستان و قەبوڵکردنی سەختی و دژوارییەکانی ژیانی پێشمەرگانە، مێعماری‌کردنی حیزب وەک قەوارەیەکی ئەمڕۆیی بۆ خەبات، جێگیرکردنی پڕەنسیپێک بەناوی بڕیاری بەکۆمەڵ و دوورکەوتنەوە لە تاک‌بڕیاری، باوەڕمەندبوونی قووڵ بە دێموکراسی "نا"وتن بە تاکپەرستی، نەهادینەکردنی پرسی ئەخلاق لە سیاسەت" و دەیان تایبەتمەندی دیکە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ناوبراو وتی: "ئەگەر نەسڵی نوێ، ئەندێشە و وتە و بیرکردنەوەکانی دوکتور قاسملوو بکەنە چرای ڕوناکیدەری ڕێگا و ڕێبازی خەباتیان بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت".

دوابڕگەی سێمینارەکەش بریتی بوو لە ڕا و سەرنج و پرسیاری بەشداربووان کە لەلایەن کۆڕگێرانەوە وڵام درایەوە.