دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی سێمینارێکی بۆ هەر یەک لە بەڕێزان د.میرۆ عەلیار جێگری بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزب و کاوە بەهرامی ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزب پێک هێنا.
سەرەتای سێمینارەکە، کە تێیدا بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان بەشدار بوون، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر کۆڕگێڕان سەبارەت بە مژاری دیاریکراو بۆیان وتەکانیان پێشکەش کرد؛ یەکەم کۆڕگێڕ د.میرۆ عەلیار باسێکی لەژێر ناوی "بۆچی کۆماری ئیسلامی د.قاسملووی بە دوژمن دەزانی؟" پێشکەش کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە نەسڵی نوێی شۆڕش دەبێ بە وردی کەسایەتی و ئایدیا و بۆچوونەکانی د.قاسملوو بناسن. پاشان باسی لەوە کرد کە لە ماوەی سکرتێریی د.قاسملوودا کە دەکاتە ١٨ ساڵ، ناوبراو کۆمەڵێک پڕەنسیپی چەسپاند کە هەتا ئەمڕۆش بوونەتە هۆی لەسەرپێ مانەوەی حیزب و بزووتنەوە؛ لەوانەش تێئۆریزەکردنی دروشمی خودموختاری وەک ویستی خەڵکی کوردستان، جێخستنی پێوەر و پڕەنسیپەکانی دێموکراسی و نەهادینەکردنیان لە نێو حیزب، هێنانەئارای سووسیالیزمی دێموکراتیک و ڕزگارکردنی حیزب لەژێر نفووزی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی تودە، دابینکردنی سەربەخۆیی سیاسیی حیزب و ...
ناوبراو وێڕای ئاوڕدانەوە لە سەرەتاکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ و وێناکردنی بارودۆخی ئەو کات، باسی لە تایبەتمەندییە کەسێتیی و فکرییە بەرزەکانی د.قاسملوو کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی بەپێی سرشتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو سیاسەت و پڕەنسیپ و بەها دێموکراتیک و ئازادیخوازانەی کە د.قاسملوو نوێنەرایەتی دەکرد دژایەتی ڕەهای کرد.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە پیلانداڕێژی بۆ تێرۆری د.قاسملوو بەتەمای ئەوە بوو کە بە نەمانی دوکتور، کۆتایی دەهێنێ بە تەمەنی حیزبی دێموکرات و پرسی نەتەوەیی لە ئێران و کوردستانی ئێران هەر بۆیە ئەوی وەک دوژمن دەبینی و شەهیدی کرد.
لە بڕگەی دووهەمدا بەڕێز کاوە بەهرامی ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزب و بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسەکەی خۆی سەبارەت بە گۆشەنیگای د.قاسملوو لەسەر خەباتی چەکداری خستە بەرباس و تێیدا باسی لە بیرکردنەوەکانی د.قاسملوو بەنیسبەت خەبات کرد و وتی: کاک دوکتور هەموو تەمەنی سیاسیی خۆی تەرخان کرد بۆ خەبات و بیرکردنەوە لە خەبات.
تەنانەت ئەو کاتانەش کە سەرقاڵی پشووی ڕۆژانە بووە چاوی لە ئەزمونی خەباتی گەلانی چەوساوەی دیکەی جیهان دەکرد تا بتوانێ لەم ڕێگەیەوە باشترین مێتۆد بۆ خەباتی نەتەوەکەی خۆی بدۆزێتەوە.
وتیشی: شێوەی ڕوانین و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەباتی سیاسی کورد و جوغرافیای کوردستان و هەوڵدانیان بۆ سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان کە لە مێژوودا تۆمار کراوە، وای کرد کە د.قاسملوو هیچ ڕێگەیەک جگە لە خەباتی چەکدارانە نەبینێتەوە کە ساڵانی دواتر ئەم ڕاستییە لای هەموو ئەو کەسانەی لۆمەی خەباتی چەکدارییان لە کوردستان دەکرد، دەرکەوت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بەهرامی باسی لە وتەیەکی د.قاسملوو کرد کە دەڵێ: سێ فاکت بوونیان هەیە کە پێشمەرجی سەرکەوتنی گەلی کوردن؛ یەکەم سیاسەتی درووستی حیزبی دیموکرات، دووهەم پشتگیری خەڵک لە سیاسەتەکانی حیزب و سێهەم قارەمانەتی و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لەم ڕاستایەشدا د.قاسملوو بەشێکی بەرچاو لە ئیمکانات و تواناییەکانی حیزب تەرخان دەکات بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیددیتر بەرامبەر بە داگیرکەران؛ ئاماژەشی بە وتەیەکی د.قاسملوو لە گۆڤاری "فصلی در گل سرخ" کرد کە دەڵێ: ئەو ڕێژیمە لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد یان نووسینی چەند وتارێک لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێ! ئەو ڕێژیمە دەبێ لە ڕێگەی خەباتی توندوتیژ یان خەباتی پارتیزانی و مانگرتن و خۆپیشاندانەوە بڕووخێ.
لە کۆتاییشدا وتی: ئەوەی پێویستە بۆ ڕوخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا وردبوونەوە لە ڕوانگە و بۆچوونەکانی شەهید قاسملووە کە دەبێ وەک چرای ڕووناکیدەری ڕێگاکەمان کەڵکی لێوەربگرین.