کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە بارەگاکانی حیزبی دێموکرات

16:39 - 1 خاکەلێوه 2722

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە لە چەند بنکەی جیاجیای حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمی تایبەت بە ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری بەڕێوە چوو.

لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکرات و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە، ئەندام و بنەماڵەکانیان ڕێوڕەسمی نەورۆز بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر وەک نەریتی ساڵانە سروودی نەورۆز بڵاو کرایەوە. پاشان پەیامی نەورۆزیی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا. بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی گۆرانییەک بە ناوی نەورۆز کە لەلایەن کیژی خاوەن بەهرە "ڕووکەن خالیدی"یەوە پێشکەشی بەشداربووان کرا.

بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پەخشانەشێعرێک بەناوی نەورۆز کە لەلایەن هاوڕێی پێشمەرگە "سمکۆ دەستمەردی" خوێندرایەوە.

لە کۆتاییشدا ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن بەڕێزان "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزب و "خاتوون ئەسپەندار" هاوژینی شەهیدی هەردەم یادزیندوو "شەهید عوسمان مستەفاپوور" هەڵکرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆڤەند و شایی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

لەلایەکی تریشەوە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بە شکۆیەکی گەورە لە جێژنیکان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی دوژمنشکێنی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

 لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هۆنراوەیەک لەلایەن مامۆستا "بێبەش" خوێندرایەوە.

لە درێژەدا سرودێک لەژێر ناوی "نەورۆزە" لەلایەن گروپی "ئەستێرە"ی مندالانی جێژنیکان  پێشکەش کرا.

هەروەها گرووپی هەڵپەڕکێی "یەلدا"ی لاوانی جێژنیکان چەند تابۆیەکی هەڵپەڕکێیان بەڕیوە برد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەلایەن "ئیدریس هۆرمۆزی" فەرماندەی هێزی ١٢٢ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و "هێرۆ عەزیزی" هاوژینی شەهید "ئاکام دەریایی" هەڵ کرا.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردەواری کۆتایی پێ هات.

هەروەها لە بنکەی دێگەڵەی حیزبی دێموکرات و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی ئەم بنکە مەراسمی تایبەتی نەورۆزی بەڕێوە چوو کە تێیدا پاش سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ئەمەگناسی بەرامبەر ڕۆحی پاکی شەهیدان، بەڕێز "عەلی سۆرانی" بەرپرسی یەکەی بەڕێوەبەریی دێگەڵە بە نوێنەرایەتی ئەم یەکە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

دواتر بەڕێز "تاهیر مەحموودی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات سەبارەت بەم جیژنە چەند وتەیەکی بە نوێنەرایەتی ڕێبەرایەتیی حیزب پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

بڕگەی دواتر بریتی بوو لە پێشکەشکردنی چەند شێعرێکی نەورۆزی کە لەلایەن هەر یەک لە بەڕێزان "ڕامیار شامورادی"، "هێمن محەممەدیان" و "فرمێسک "ەوە خوێندرایەوە.

کۆتابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزی ٢٧٢٢ کە لەلایەن کاک "براییم هەجیجی" وەک کادری دێرینی حیزب کرایەوە.