کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات

14:50 - 11 جۆزەردان 2718

كوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، بە ئامادەبوونی منداڵانی كادر، پێشمەرگە و بنەماڵەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەدانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ١ی ژوئەن ڕۆژی جیهانیی منداڵان ڕێوڕەسمێک لە لایەن ناوەندی "نێرگز"ی منداڵانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب" لە لایەن بەشێک لە منداڵانی ناوەندی نێرگز و دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت منداڵانی شەهیدی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی منداڵانی ناوەندی نێرگز، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە لە لایەن "ڕێزان مەقرووزی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش کرا.

دوای پێشکەشکردنی پەیامی ناوەندی نێرگز، "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان و بەتایبەت منداڵانی کورد پێشکەش کرد.
پاش پێشکەشکردنی ئەو دوو پەیامە سروودێک لە ژێر ناوی "وەرن با شاد بین" لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشكەش کرا.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، بۆ ڕێزلێنان لە دوو ڕاهێنەری منداڵان لە ناوەندی نێرگز، خەڵات و لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە خاتوو "زەمەن بەهاری و زانیار بەهاری" کرا کە ئەو خەڵات و لەوحە ڕێزلێنانە لە لایەن مستەفا هیجری، پێشکەش بەو دوو ڕاهێنەرەی منداڵانی ناوەندی نێرگز کرا.

پاشان خاتوو "زەمەن بەهاری" بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵات و لەوحی ڕێزلێنان لە بواری پەروەردەی منداڵاندا، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، گرووپی سروودی منداڵانی ناوەندی نێرگز خەڵات کران کە خەڵاتەکان لە لایەن زانیار و زەمەن بەهاری پێشکەش کران.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، نمایشی جلوبەرگ لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە بەڕێوە چوو.

دواتر چەند تابلۆی هەڵپەڕکێ لە لایەن گرووپی کچان و کوڕانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

ڕێوڕەسمی ١ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان بە شانۆیەک لە ژێر ناوی "گرانە" لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە کۆتایی پێهات.