کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ژنانی نێو شۆڕش لە بنکەی ئازادی

13:08 - 13 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئەمەگناسی و ڕێزلێنان لەو ژنە تێکۆشەر و دەروەستانەی کە شان بە شانی هاوسەرە شۆڕشگێڕەکانیان لە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی ژنان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە هیچ فیداکارییەک دریغیان نەکردووە ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکان بەڕێوە چوو.

لە بڕگەی یەکەمدا شێعرێک لەلایەن "ژینۆ حاجی ڕەسووڵی " لە ژێر ناوی "سالارە ژن" لە نووسینی "جەماڵ فەتحی" پێشکەش کرا.

دواتر لەوحی ڕێزلێنان بەو ژنانە درا کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ڕێزەکانی شۆڕشدا و لە ڕێکخراوی ژناندا بۆ مافی یەکسانی  و ئازادیی نەتەوەی کورد خەبات دەکەن.

 پاشان بە پێدانی لەوحی ڕێزلێنان ڕێز لە ئەندامانی بەڕێوبەری پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیرا.

لەوحەکانی ڕێزلێنان لەلایەن "محمد نەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، سەید" عەلی ڕەحمانی" کادری دێرینی حیزب و هەروەها "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسی "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی، "شنە درودگەر" سکرتێری یەکیەتیی ژنان "سەیران عزەتی" جێگر سکرتێر پێشکەش بەو ژنانە کرا کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی شۆڕشدان.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن "فەریدە محەممەد زادە" پێشکەش بە ئەندامانی بەڕێوبەری پێشووی یەکیەتیی ژنان کرا.

دواتر لەلایەن "ئارۆ سەمەدی" شێعرێک پێشکەش بە بەشداربووان کرا.