کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ۷٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان

12:32 - 3 رەشەمه 2719

۷٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی لاوانی چوارپارچەی کوردستان بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱ی ڕەشەمەی ۱۳۹۸ی هەتاوی، بەرابەر لەگەڵ ۲٠ی فێڤرییەی ۲٠۲٠ زایینی، ڕێوڕەسمی یادی ۷٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد، دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.

پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان لەلایەن "واحید ئەحمەدی"، جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە، پاشان گۆرانییەکی فۆلکلۆر لەلایەن پێشمەرگەی هونەرمەند، "کامران سەرشین" بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوان لەلایەن "واحید ئەحمەدیـ"ـیەوە پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.

لە بڕگەی دواتردا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی "بێریڤان عەزیمی" و "سامڕەند مام نەبی" کرا کە توانیبوویان سەرکەوتووانە پلەی یەکەم لە دەورەی کادریی یەکیەتیی لاواندا بەدەست بهێنن و دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە " زانیار ئیسماعیلی" کرا کە بەردەوام وەک ئەندامێکی چالاکی یەکیەتیی لاوان هاوکاریی ڕێکخراو بووە. خەڵاتەکان لەلایەن "عومەر فەخرەدینفەڕ"، سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کران.

بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەکی پێشمەرگەی هونەرمەند "نیزام سەجادی" و بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی یەکیەتیی لاوانەوە ڕازێندرایەوە.

پاشان خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوان لەلایەن "عومەر فخرەدینفەڕ"ەوە پێشکەش بە نوێنەری چەتری ڕێکخراوەکان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، "ژینۆ حاجی ڕەسووڵی" شێعرێکی بە ناوی "مەکۆی ڕاسانە سەنگەرم" پێشکەش کرد.

پاشان گرووپی هەڵپەڕکێی "لاوانی خۆرهەڵات" بە سەرپەرەشتیی "کامران قۆیتاسی"، چەند تابلۆیەک لە هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.

بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە گۆرانییەک کە لەلایەن پێشمەرگەی هونەرمەند "کامران سەرشین" و بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆڤەند و دیلانی بەشداران کۆتایی پێهات.