کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی لە زانکۆ کوردستانی شاری سنە

10:24 - 8 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە لایەن بەشی کوردی زانکۆ کوردستانی شاری سنە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

سەرلەئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ۶ی ڕەشەمە، لە لایەن بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆ کوردستان و بنکە کوردییەکانی زانکۆ کوردستانی شاری سنە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی بەربڵاوی خوێندکارانی زانکۆ کوردستان، مامۆستایانی زانکۆ کوردستان و چەندین کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە خوێندنەوەی بڵاڤۆکی ڕێوڕەسمەکە و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە لایەن چەندین کەس لە خوێندکارانی بەشداربوو، بە شێوەزار و لکەزارە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی دەستی پێ کرد.

پاشان دوکتور ڕەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان، باسێکی لەسەر زمان و لەنێوچوونی زمانەکان لە جیهاندا کرد و ڕایگەیاند: بەپێی ئامارەکان چل لەسەدی زمانەکانی جیهان لە حاڵی لەنێوچووندان و هەر بەم بۆنەشەوە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان، زۆر پەیماننامە سەبارەت بە زمانی دایکی هەیە کە وڵاتی ئێمەش ئەندامی بەشێکیانە.

دواتر لە پانێلێکی تایبەت بە زمانی کوردیدا، هەریەک لە بەڕێزان دوکتور زانیار نەقشبەندی، دوکتور خالد تەوەکولی، دوکتور سەعید خزری و ڕەزا شەجیعی باسێکیان لەسەر زمان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی پێشکەش بە بەشداربووان کرد، کە لە نێوئاخنی باسەکاندا وێڕای شیکاری و شرۆڤەیەکی کورت لەسەر زمانی کوردی و شێوەزار و لکەزارەکانی، جەختیان لەسەر پاراستنی زمانی دایکی و هەوڵدان بۆ گەشەکردنی زمانی شیرینی کوردی کردووەتەوە.

لە بڕگەیەکی تری ئەو ڕێوڕەسمەدا، دوکتور بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆ کوردستان، ئاوڕێکی لە دۆخی ئێستای زمانی کوردی دایەوە و ڕایگەیاند: زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا تۆزی گەشەی کردووە، بەڵام لە زۆر ڕووشەوە گەشەی نەکردووە، وتیشی: "ئێمە مافی ئەوەمان هەیە کە بپرسین ئایا وەزارەتی پەروەردە، پاش چل ساڵ لە بەسەرچوونی شۆڕشی ئیسلامی و ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا، کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئاوڕ لە کێشەی خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بداتەوە؟"

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە شێوەزاری هەورامی لە زمانی کوردیدا زۆرترین مەترسی توانەوەی لەسەرە، ڕەخنەی لە دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان گرت کە هەوڵ بۆ تێکدانی زمانی کوردی دەدن.

لە بڕگەی کۆتاییی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بەم بۆنەوە چەندین گۆرانی لە لایەن هونەرمەندی دەنگخۆش و ناوداری کورد، حوسێن سەفامەنێش، بە شێوەزارە جیاجیاکانی زمانی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.