کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی ناوی جیا لە فارسی لە یەکە سێنفییەکانی تاران قەدەغە کرا

10:02 - 15 سەرماوەز 2721

"نادر مورادی" سەرۆکی پۆلیسی ئەماکنی ڕێژیم لە تاران ڕایگەیاند، بەپێی بەخشنامەی نوێی وەزارەتی "ئێرشاد" دانانی ناوەکانی "کوردی، تورکی، لوڕی، شوماڵی" و هەروەها ناوی "بیانی و لاتین" بۆ یەکە سێنفییەکان لە شاری تاران قەدەغەیە.

ناوبراو وتی، بەپێی ئەو بەخشنامەیە یەکە سێنفییەکان لە تاران دەبێ تەنیا لە ناوی "فارسی" کەڵک وەربگرن و بەکارهێنانی ناوێک جیا لە فارسی لە تاران بەپێچەوانەی یاسایە.

"مورادی" وەک نموونە وتی، کەسانی کورد یان تورک تەنیا دەتوانن لە پارێزگاکانی خۆیان ناوەکانی کوردی و تورکی بۆ یەکە سێنفییەکان بەکار بێنن.

ناوبراو جەختی کردەوە: "ئەگەر کەسێک لە تاران ناوێک جیا لە ناوی فارسی لەسەر یەکە سێنفییەکان دابنێت مۆڵەتی پێ نادەین و کەسانێکیش کە بەر لە وەرگرتنی مۆڵەت تابلۆ بەو ناوانەی کە قەدەغە کراون بنووسێت، بەپێی یاسا هەڵسوکەتی لەگەڵ دەکەین".

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە خەڵکێکی زۆری کورد، تورک و لوڕ و... لە تاران نیشتەجێن و لەوێ ژیان دەکەن.