کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی ڕۆژانە دوو تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا

13:09 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا باسی لە زۆر بەکارهێنانی ئەم ماددانە کردووە، بە شێوەیەک کە گەیشتووەتە دوو تۆن لە یەک ڕۆژدا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، "حەسەن نەوروزی" وتەبێژی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی ڕێژیم، بە ئاماژە بە وتەی سەرۆکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، وتی: "ڕۆژانە دوو هەزار و ٨٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بەکار دەهێنرێت".

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران یەکێک لە گەورەترین شوێنی ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکانە.

"ناسر ئەسلانی"، جێگری بەشی بەربەرەکانێ لەگەڵ بڵاوکردنەوە و کاروباری نێونەتەوەیی ستادی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕدا ڕایگەیاند: "٧٠ لەسەدی تاونبارانی زیندانەکان لە بیاڤی ماددەی هۆشبەردان".

ناوبراو هەروەها ڕێژەی بەکاربەرانی ماددە هۆشبەرەکانی، ۸.۲ ملیۆن کەس و ڕێژەی ژنانی بەکاربەریشی ١٥٦ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە.

بەکاربەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن و ڕۆژانە ٨ کەس بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، بەگشتی لە ئێراندا تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر ئەو کەسانەن کە تەمەنیان خوار ١٦ ساڵە؛ ئەم توێژە هەندێک جار بە ئاشکرا لە قوتابخانەکاندا ئەم ماددانه‌ دابین دەکەن. بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە هەڵناگرن و بەپێچەوانەوە زۆربەی کات خۆیان کارئاسانی بۆ بەدەستهینانی ماددە‌ هۆشبەرەکان دەکەن.