کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی کرێکارانی ناخۆجێیی لە ئیلام دەرفەتی کاری لە خەڵکی ئەو پارێزگایە ئەستاندووە

18:25 - 7 جۆزەردان 2720

زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران و کارمەندانی پارێزگای ئیلام لە کەسانی ناخۆجێیی پێک هاتووە و هیچ دەرفەتێک بۆ کرێکارانی کورد لەو پارێزگایەدا بوونی نییە و بەردەوام مافی کرێکارانی خۆجێیی و کورد پێشێل دەکرێت.

''شوکروڵڵا شێرخانی''، بەڕێوەبەری گشتیی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئیلام وتوویەتی کە شیرکەتی ''ئێڵ جی سی'' زیاتر لە ٧٠ کرێکاری ناخۆجێیی دامەزراندووە کە ئەمە لەگەڵ پەسندکراوەکانی کومیسیۆنی کرێکاری دژایەتیی هەیە.

''شێرخانی'' باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای بێکارییەکی زۆر لەم شارستانە و هەروەها بوونی هێزی کاری خۆجێیی گونجاو، ١٠٢ کرێکار لەلایەن ئەم شیرکەتەوە بەکارهێنراوە کە لەم ڕێژەیە ٣٠ کەسیان خۆجێیین.

ناوبراو وتوویەتی، بەپێی پەسەندکراوەکانی کومیسیۆنی کرێکاری لە دێهلۆران، بڕیار درا هەموو دامەزاراندنەکان بە چاوەدێریی "کۆمیتەی جەزبی شارستان" پێک بێت، بەڵام شیرکەتەکانی نەوت و گاز ئەم پەسەندکراوەیان لەبەرچاوە نەگرتووە و بە دژی یاسا هەڵسوکەوتیان کردووە.

هەروەها لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیش، ٢٥ کەسی خۆجێیی کە لە پێترۆشیمیی ئیلام، لەسەر کارەکانیان دەر کرابوون، لە حاڵێکدا کەسانی ناخۆجێیی لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە جێگایان پڕکردبوونەوە دەرفەتی کاریان لێ ئەستاندبوون.