کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی ڕێژیم له مەهاباد بێڕێزیان بە گڵکۆی شەهید سەروان ''ئەحمەد جاویدفەر'' کرد

12:16 - 21 خاکەلێوه 2721

بۆ جارێکی دیکە، کێلی گڵکۆی شەهید سەروان ''ئەحمەد جاویدفەڕ'' ناسراو بە ''کاک هەژار'' لەلایەن جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە گوندی ''لاچین'' سەر بە شاری مەهاباد شکێندرا.

دوابەدوای پەیمان نوێکردنەوەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵیکی قیزەوندا بۆ جارێکی دیکە  کێلی گڵکۆی ''کاک هەژار''یان لە نزیک گوندی لاچین، شکاندووە و بێڕێزیان بە گڵکۆی ناوبراو کردووە.

ئەم هەوڵەی جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم، ترس و داماوی خۆیان لە بەرامبەر پیرۆزییەکانی کورد و کوردستان دەردەخات.

شەهید سەروان ''ئەحمەد جاویدفەر'' خەڵکی شاری مەهاباد ئەفسەرێکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەری کورد بوو کە لە گرتنی پادگانی مەهاباد ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری هەبوو.

کاک هەژار لە گوڕەپانی خەباتدا، فەرماندەی هێزی پێشەوا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، پاش چەندین جار برینداربوون لە شەڕێكی قارەمانانە لە ناوچەی بانە لە ڕێكەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٦٠ هەتاوی شەهید كرا.