کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە هەوڵی تێکدانی ژینگەی کوردستان دان

12:36 - 17 پووشپەڕ 2722

ڕێژیم بەشێک لە ژینگەی "کانی بەرازان" هەڵکەوتوو لە گوندی "بەفرەوانـ"ـی ناوچەی شاماتی "مەهاباد"ی سووتاندووە.

نزیک بە ٩٠٧هێکتار لە ژینگەی "کانی بەرازان" لە گوندی "بەفرەوان هەڵکەوتووە  کە زەمەند، گیا، قامیشەڵێن، لەجن و گەز و بووریای زۆری لێ ڕواوە.

لەو ناوچەیە هەزاران جۆر باڵندە و گیانداری لێیە و ساڵانە نزیک بە دووسەد هەزار باڵندەی کۆچەری ئاوژی و ئیشکەژی  ڕووی تێدەکەن کە بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵیانە گەشتیارێکی زۆر لە شارە جۆراوجۆرەکان ڕوو لەو ناوچەیە  بکەن.

مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم کە بە ئاوەدانی ژینگەی کوردستان تووڕەن، لەمساڵدا هەوڵیان داوە کە ژینگەی ئەو ناوچەیە تێک بدەن و دەستیان داوەتە سووتاندنی بەشێکی زۆر لە ژینگەی ناوچەکە و خەڵک خۆڕسکانە ئاگرەکەیان کوژاندووتەوە و پلانی ڕێژیمیان بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەکە پووچەڵ کردووەتەوە.

لە ئێستادا چەند کەسی هەلپەرەستی سەر بە ڕێژیم کە خەڵکی ناوچەکەن، بە پارەیەکی کەم زۆربەی ژینگەی ناوچەکەیان بە ئیجارە گرتووە و هەوڵیان داوە کە گیا و گژی ناوچەکە بدوورنەوە و شوێنی حەوانەوەی گیاندارەکان تێک بدەن  و ڕوخساری ناوچەکە بشێوێنن.

لەو پەیوەندییەدا خەڵکی ژینگەدۆستی ناوچەکە ناڕەزایەتییان نیشان داوە و دووبەرەکی و کێشە لەنێو خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو بابەتە دروست بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا خەڵکی ناوچەی شامات هۆشدارییان داوە کە ئیزن نادەن هیچ کەس ژینگەی کوردستان تێک بدات و ئەو هەنگاوە دزێوەی مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمیان مەحکووم کردووە و هەروەها وتوویانە کە لەگەڵ هەر هەوڵێک بەربەرەکانی دەکەن کە بیەوێت نێوماڵی کورد تێک بدات و ژینگەی کوردستان بشێوێنێ.