کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە پیرانشار خەڵک تاڵان دەکەن

11:39 - 5 خەرمانان 2720

بەکرێگیراوان و مۆرەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بەر بوونەتە گیانی خەڵکی کاسبکار و دەست بەسەر مەڕ و ماڵاتی خەڵکدا دەگرن.

ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیم بوونەتە سێ دەستە و هەر دەستەیەک بە شێوی خۆیان خەڵک تاڵان دەکەن.

دەستەی یەکەم شناسایی ئەو خەڵکەی دەکەن کە بۆ ژیان ‌و بەڕێچوونی ماڵ و منداڵی خۆیان ئاڵووێری مەڕ و ماڵات دەکەن و هەر کە جەڵەبەکەیان بەرەو سنوور وەڕێ کەوت ڕاپورتیان لێدەدەن.

بەرپرسی ئەو کارەش جاشێکە بە ناوی "ع.ا" خەڵکی گوندی هەمزاوای ناوچەی بەربنەی پیرانشار. ئەو کەسه بە ڕاپۆرتدان لە کاسبکاران پێش بە کاسبیی خەڵک دەگرێت.

دەستە دووەم هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانن کە بە هاوکاریی جاش، پاسدار و هێزی ئینتزامی بەدوای کاسبکاراندا دەگەڕێن و دەسبەسەریان دەکەن و ڕادەستی ئیدارەکانی دیاریکراوی ڕێژیمیان دەکەن.

دەستەی سێیەم جاشێکە بە ناوی "س.ع" کە خۆی بەرپرسی بەسیجەکانی "چیانە"یە و  مامی ناوبراو بەرپرسی جاشەکانی "دێڵزێـ"ـیە. ناوبراو بۆ دابەشکردن و دانانی نرخی مەڕ و ماڵاتەکەی خەڵک کە دەستیان بەسەردا گرتووە، دەیخاتە موزایدەوە و هەر خۆشیان بە کەسانی خۆیان دەفرۆشنەوە.

بەشێک لەو کەسانەی شناسایی کراون شوناسیان بەم چەشنەیە: "سالار.ع؛ ئازاد.ن؛ ئاوات.ن؛ حەسەن.خ؛ وەفا.ڕ؛ باپیر.م؛ عەلی.گ؛ واحید و جەلال.ن؛ هێرش.ل".

شوناسی تەکمیلی و کردەوەی ئەو جاش و بەکرێگیراوانە لەلای ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" پارێزراوە و ئەگەر دەست لە ئەزیەت و ئازاری خەڵک هەڵنگرن، سەرجەم زانیارییەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.