کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنی بەدرۆ

00:10 - 2 جۆزەردان 2722

ئاویەر

"..... دلخوش نباشید کە مسکن فقط میسازیم، آب و برق را مجانی میکنیم برای طبقە مستمند، اتوبوس را مجانی میکنیم برای طبقە مستمند، دلخوش بە این مقدار نباشید، معنویات شما را، روحیات شمارا عظمت میدهیم، شما را بە مقام انسانیت میرسانیم  ......"

یەکەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامی واتە خومەینی، پێش لە سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ و لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕشەکە بەڵێنی ئەوەی دا ئاو بەرق و کرێی ئووتووبووس و خانوو و زۆر لە پێداویستییەکانی دیکەی ژیان بۆ خەڵکی هەژار و کەمداهات بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دابین بکا، جگە لەوانە بەڵێن و وادەی ئەوەی دەدا کە هەم ئەم دونیایە و هەم دواهەواری خەڵک ئاوەدان بکات و تۆوی هەژاری بە ئێگجاری لەم وڵاتە بنبڕ بکا و مرۆڤەکان بگەیەنەتە پێگەی "مرۆڤبوون"!

ئێستا پتر لە چوار دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی تێپەر بووە، کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئایدیۆلۆژیکە کە لەسەر بنەمای دژایەتی ئامریکا و هەناردەکردنی ئەو شۆڕشە بۆ دەرەوە و دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تر دامەزراوە، ئێستا چوار دەیە لە تەمەنی ئەم حکوومەتە تێپەر دەبێ و هەر وەکوو دەیبینین نەتەنیا ئاو و برق و کرێی ئۆتووبووسی بۆ خەڵکی هەژار بەخۆڕایی نەکرد بەڵکوو ئەمڕۆکە پاش چوار دەیە لە تێپەڕبوونی تەمەنی ئەو حکوومەتە خەڵک ئێستاکەش کێشەی نان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانیان هەیە، نەک هەر کێش ەبەڵکوو ئەگەر تا دوێنێ بە هیممەتی خۆیان دەیانتوانی تیکەنانێکی شەرافەتمەندانە بخەنە سەر سفرەکانیان ئەمڕۆ لەوەش دابڕاون و دەبێ بە خەیاڵی نانەوە دەس لە سەر سکی برسییان بنێن و شەو بکەنە ڕۆژ؛

نرخی هەڵاوسان و گرانی لەوپەڕی خۆیدایە، ئاماری خۆکوژی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە، بە هەزاران کەسی وەزاڵەهاتوو لە دەست حکوومەت ڕوویان لە هەندەران کردووە، تاک بە تاکی کۆمەڵگا تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بووە، حکوومەت نەتەنیا خانووی بۆ چینی کەمداهات دابین نەکرد بگرە کرێ خانووی سەدان قات لەسەر زیاد کردوون و کەم نین ئەو کەسانەی بەهۆی بێدەرەتانی ڕوویان لە چادر و چیغ کردووە،  ئەگەر لەتاو بێماڵی دەستی نەدابێتە خۆکوژی!

 ئێستا پاش چوار دەیە ڕۆژ لەدوای رۆژ ئاماری تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان ڕووی لە هەڵکشانە و زۆر ئاسانتر لە نان دەست دەکەوێ، بەپێچەوانەوە کوشتن و بڕین و داپڵۆسینی خەڵکی بێتاوان و لەسێدارەدانی خەڵکی بێتاوان ڕووی لە زیاد بوونە، زیندانەکانی پڕ کردووە لەو کەسانە کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە یان داوای ئازادی و دێموکراسی دەکەن، کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئەو وڵاتەی وێران کردووە بەڵکوو بە دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ بووەتە هۆی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لەو وڵاتانەدا، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، هەژاری و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە چڕتر کردۆتەوە.

ئەمڕۆ پاش چوار دەیە نەتەنیا بەڵێنەکانی خومەینی نەهاتۆتە دی بەڵکوو نانی سەر سفرەی خەڵکیش بڕاوە ؛ ئەوە لەحاڵێکدایە کە بڵاوکردنەوە یان وەبیرهێنانەوەی ئەو قسانەی خومەینی لە ئێستادا وەکوو تاوان دێتە ئەژمار!

 لەڕاستیدا کوشتن و بڕین، تێرۆر، سێدارە، ئاژاوەگێڕی، وێرانکردنی وڵات، زوڵم و زۆر، تووشکردنی لاوان بە مادە هۆشبەرەکان، بڕینی نانی خەڵک، بە ئاوارەکردنی لاوان بۆ هەندەران و بڕینی نانی خەڵک و گرانی کارنامەی چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامییە کە هیچ کامێکیان تاوان یان لادان لە بنەماکانی رێژیم و دینەکەیان نییە!

 ‏شۆرشی ٥٧ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر شۆڕشێک لە پێناو ئازادی و دێموکراسیدا نەبێ و پاش شۆڕشەکە تاقمێک لەباتی هەموو خەڵک دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ، ئاکامەکەی دەبێتە حکوومەتێکی دیکتاتۆر و کۆلۆنیالیستی وەکوو کۆماری ئیسلامی کە زمانی لۆژیک بەلایەوە سەرکوت و زەبروزەنگە و هیچی تر.