کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامە/ مامۆستایانی قوتابخانەکانی رۆژهەڵات، هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی لەلایەن پەکەکەوە مەحکووم دەکەن

18:08 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بەبۆنەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان پ.ک.ک و حدکا، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە کە بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

بە داخێکی گەڵێک گرانەوە لەو هەلومەرجە ناسکەدا کە گەلی کورد پێویستیی لە هەموو کاتێک زیاتر بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەیە، شاهیدی شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو هێزی کوردستانی واتە پ‌ک‌ک و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووین و گەلی کورد بە دەستپێکردنی شەڕی براکوژی، بۆ جارێکی دیکە خەمناک بوو.

ئێمە وەک مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە وردی لەو رووداوە دڵتەزێنە روانیومانە و لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو شەڕە لەلایەن پ‌ک‌کەوە بەسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سەپاو، ئەوە لە کاتێک دایە کە گەریلاکانی پ‌ک‌ک هێرش دەبەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تەقەیان لێ دەکەن کە بەو هۆیەوە بە داخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید دەکرێ و چەند پێشمەرگەی دیکەش بریندار دەبن، بەڵام پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆ لە براکوژی دەپارێزن و تەنانەت تەنیا دیفاع لە خۆیان دەکەن و نایانهەوێت گەریلاکان شەهید کەن و ٩ کەس لە گەریلاکان بە دیل دەگرن و دوای ماوەیەکی کەم ئازادیان دەکەن و نیشان دەدەن کە دژی شەڕی کورد بە کوردن.

مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە توندی هەڵایساندنی شەڕ لەلایەن پ‌ک‌کەوە مەحکووم دەکا و هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەردەبڕن و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدە قارەمانەکە بە تایبەتی و لە سەرجەم هاوڕێیانی و گەلی کوردستان بە گشتیی دەکەن.

داوا لە حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، ئیدانەی ئەو شەڕ و پێکدادانە کە لەلایەن پ‌ک‌کەوە دەستی پێکردووە، بکەن و تێبکۆشن بە دیالۆگ، گرفتەکان حەل کەن، چونکە خەڵکی کوردستان شەڕی براکوژی لە هیچ لایەک قەبووڵ ناکا.

بە هیوای سەرکەوتنی گەلانی کوردستان
مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات