کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی نەورۆزی ١٤٠١

11:41 - 26 رەشەمه 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی نەورۆزی ١٤٠١، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان!

بەرەبەرە خەریکین لە کۆتاییی ساڵ نزیک دەبینەوە و پێ دەنێینە نەورۆز و ساڵی تازە. بەو بۆنەوە سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە تێکڕای خەڵکی خۆشەویست، بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان، تێکۆشەرانی سیاسی و خەمخۆرانی نیشتمانی خۆشەویستمان لە هەموو بوارەکانی خەباتدا دەکەین. هیوادارین ئەو ساڵتان بە هەموو کێشە و گیروگرفتەکانی سەر ڕێگای ژیانتان بە سەرکەوتوویی بەڕێ کردبێت و بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن.

خەڵکی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کوردستان هەروەک هەموو لایەکتان دەیزانن ساڵی ڕابردوو وەکوو ساڵانی پێشووتر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ساڵێکی پڕ لە زەحمەت و کێشە و گرفتیان لە سایەی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی بەڕێ کرد. بەداخەوە ئەو ساڵیش لە درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانە و نەزانکارانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، گرانی و هەژاری و بێکاری و کێشە یەک لە دوا یەکەکانی خەڵک، نەک کەمی نەکردووە بەداخەوە زیاتریش بوون و بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەرپرسانی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانیش داهاتی وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکەتی وەک ئێران یان خۆیان و دارودەستەکەیان بە ئاشکرا دەیدزن یان خەرجی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و یارمەتیی ڕێکخراو و تاقمە تێرۆریستەکانی هاوپیشەی خۆیان دەکەن. بە جۆرێک کە گەندەڵیی هەزاران میلیاردیی مافیاکانی ناو دەسەڵات و سپای پاسداران بڕستی لە خەڵک بڕیوە و ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئێران بووەتە خەون و خەیاڵ. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەو سیاسەتە وێرانکارییانەی ڕێژیم نەبوونە و بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بە جۆرێک کە ئەو ساڵ زیاتر لە ساڵانی پێشوو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و لە بەرامبەر دیکتاتۆریی ئاخوندیدا ڕاوەستاون.

نەورۆز یەکێک لە بۆنە گەورە نەتەوەییەکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی گەلی ئێمەیە کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان جیا لە بۆنەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، کردوویانەتە مەیدان و مەتەرێزێکی بەهێز و ئەوەی تێدا دەبینرێت خەباتێکی بەربڵاو و "نا"یەکی گەورەیە بە داگیرکەرانی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا پتەوترکردنی زیاتری ڕیزەکانی خۆیانە. ساڵانێکە هەوری و جامانە و گوڵی سوور تێکەڵ بە شایی و گۆڤەندی کوردەواری بووە و سیمایەکی جوانی بە ڕووحی یەکگرتوویی و شوناسخوازیی نەتەوەکەمان بەخشیوە. بۆیە ئەو ساڵیش وا چاوەڕوان دەکرێت کە نەورۆزی ئەوساڵی کوردەواری بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لە ساڵان لە هەموو شار و دێهاتەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و مزگێنیدەری بەهارێکی ڕەنگین و ساڵێکی پڕدەسکەوت بۆ گەلەکەمان بێت.

خۆشەویستان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی هەموو ساڵانی دەسەڵاتداریی ڕەش و پڕ لە عەیب و عاری بەردەوام هەوڵی داوە کە پێش بە خۆشی و شایی خەڵک بگرێت و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان درێغیی نەکردووە. هەر لە گرتن و بانگکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنییەوە بگرە تا هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک، هەوڵی داوە نەهێڵێت ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەڕێوە بچن، بەڵام بەخۆشییەوە خەڵکی کوردستان کۆڵیان نەداوە و بە هەر شێوەیەک بۆیان کرابێت بە حەماست و بە جۆش و خرۆشەوە ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە بردووە. ڕێژیم کە لەو هەوڵەیدا سەر نەکەوت ئێستا دەیهەوێت بە پیلانێک ڕێوڕەسمەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لەلایەکی دیکەشەوە سیمایەکی دیکە لە خۆی پیشان بدات. ئەویش ئەوەیە کە دەیانهەوێت لە هەندێک جێگا و بۆ وێنە لە شاری سنە بە وتەی خۆیان کەڕنەڤاڵی نەورۆزی وەڕێ بخەن کە هیچ گومان لەوەشدا نییە کە خەڵک بە نەریتی ساڵان لەو شوێن و جێگایانەی کە مەبەستی خۆیانە ڕێوڕەسم دەگرن و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە. دەبا لێرەشدا بە بایکۆتی ڕێوڕەسمەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕێژیم "نا"یەکی گەورەیان پێ بڵێین و ئەو پیلانەشیان لێ لەقاو بدەین.

هاونیشتمانییانی خۆشەویست داواتان لێ دەکەین بە ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کە لەلایەن خەڵکی خەمخۆری خۆتانەوە بەڕێوە دەچن، بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگینی کوردەواری و لەملکردنی جامانە و هەوری و بەدەستەوە گرتنی گوڵی سوور نەورۆزی ئەمساڵیش بکەنە دەرفەتێکی باش بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان.

جارێکی دیکە نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت و بە هیوای ساڵێکی پڕدەسکەوت و شایی و خۆشی بۆ هەموو لایەک.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠