کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆتاییی کۆبوونەوەی خەڵکی شاری سنە و ژینگەپارێزان، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان

15:57 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری سنە و ژینگەپارێزان پاش بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان لە داوێنی ئاویەر و له کانی شەفا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی

چۆن بژی شەرتە نەوەک چەندە بژی

 کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی شاری سنە، بە پێی ڕاگەینراوی پێشتر، داوایان لە خەڵکی شاری سنە کردبوو لە ڕۆژی هەینی- ڕیکەوتی شانزدەی خەرمانان، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی نیشتمان، شەهید شەریف باجوەر و شەهید ئومید کۆنەپۆشی، بۆ کۆبوونەوەیێکی جەماوەری بە دروشمی خاوێن کردنەوەی ژینگە لە داوێنی ئاویەری سەربەرز و له کانی شەفا بەشدار بن.

وەکوو هەمیشە خەڵکی بە وەفا و نیشتمانی پەروەری شاری سنە، پێشوازیان لەم داواکارییە کرد و بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنەوە و بە بنەماڵە و تاک و کچ و کوڕەوە لە شوێنی دیاریکراو ئامادە بوون. بەڵام خاڵی ڕەش و نەشیاو ئامادە بوونی هێزێکی ئەمنییەتی زۆری نیرووی ئێنتزامی و لیباس شەخسییەکانی ئێتلاعات لە شوێنی دیاریکراوی کۆبوونەوە بە چەک و ڕەختی سەربازییەوە بوو.

ئەگەرچی ژمارەی هێزەکان و هات و چووی ڕاشکاوانە و هەڕەشەی لیباس شەخسییەکان لە خەڵک، بوو بە مایەی سەرنج، بەڵام چالاکان و خەڵکی بە ئەمەگی سنە شوێنەکەیان بە جێ نەهێشت و پێداگریان لە سەر بەڕێوبردنی هێمنانەی کۆبوونەوەکە کرد.

ژمارەی هێزە ئێنتزامی و ئێتلاعاتییەکان و هێنانی چەند باسی نەفەرهەڵگر، ئەم ڕاستییەی دەردەخست کە ئەوان بە مەبەستی دەست بەسەر کردن و ئاڵۆزی نانەوە و هێرش کردنە سەر خەڵک فەرمان دراون و نزیک بوونەوەیان لە خەڵک و چالاکانی مەدەنی و هەڕەشە کردنیان، ئەم ڕاستییەی سەلماند کە نایانەوێت بە هیچ جۆرێک کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت.

بۆیە بەڕێوبەرانی کۆبوونەوەکە بڕیاریان دا کە بە ڕێپێوانێکی هێمنانە و بەرەو شوێنێکی دیکەی ئاویەر، پێش بە هەرجۆرە دەستبەسەر کردن و ئاڵۆزیێک بگرن. بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگرییان لە زۆربەی بنەماڵەکان بۆ پەیوەست بوون بە ڕێپێوانەکە کرد و ڕێگاکانیان لێ داخستن.

لە درێژەدا، چالاکوانان کۆڵیان نەدا و بە پێوانی ڕێگای ٥ کیلومەتری نێوان "کانی شەفا" و "کانی ماماتکە"، لە "حەفت ئاسیاو"  مەراسمی یادی شەهیدانی ژینگەیان بەڕێوە برد و سەلماندنیان کە ئێرادەی نەتەوە ناشکێت و بە دەیان کەسیش بووبێت پەیامی شەهیدان و شەریفەکان بۆ نیشتمان و نەتەوە و ژینگە ڕادەگەینرێت.

کۆبوونەوەکە بە داگیرسانی مۆم و ژەنینی شمشاڵ و سروودی وەتەن دەستی پێ کرد و پاشان بە هەڵگرتنی درووشمی ژینگە پارێزی و هەروەها دروشمی "کاک شەریف، کاک شەریف، ڕێگات درێژەی هەیە" کۆتایی هات.

لەم کۆبوونەوەیە دا زۆربەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا وەک ئەرکێکی نیشتمانی و کوردستانی پێکەوە مەراسمەکەیان بەڕێوە برد و لە کۆتاییشدا وەک ئەرکێکی ژینگە پارێزی هەڵمەتی خاوێن کردنەوەی ئاویەری هەمیشە سەوزیان دەست پێکرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا بۆ بایەخ دان بە ژینگە و درێژەدانی خەباتی ژینگەپارێزانی شەهید، "گرووپی ژینگە پارێزانی نیشتمانی سەوز" ڕاگەیاندرا و پێڕەو و بەرنامەی ئەم گرووپە وەک کۆمەڵێک کەسی خۆبەش بۆ پاراستنی ژینگەی شاری سنە بۆ بەشدار بووان شرۆڤە کرا و وەک یەکەمین هەنگاو بەرنامەی دامەزراوەیی کردنی ئەم گرووپە وەک دامەزراوەیێکی مەدەنی و نادەوڵەتی لە قۆناخی تردا ڕاگەینرا.

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین

نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

سنە، ۱٦ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی