کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی شاری سنە سەبارەت بە گرژییەکانی ئەمدواییە

20:35 - 6 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شاری سنە لە بەیاننامەیەکدا داوا لە پ‌ک‌ک دەکەن کە هێز و توانای خۆیان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان بە کار بێنن.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەکان

هەروەک ئاگادارن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کوردستان لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی مێژوویی دایە و بە قۆناخێکی هەستیاردا تێ دەپەرێ. هەوڵێکی بەرفروان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئارا دایە و زۆرتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد هەیە. بە داخەوە لە ئاوەها هەلومەرجێکدا گرژی و هەڵچوون لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کورددا رووی داوە کە ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شاری سنە هەڵوێستی خۆمان بە چەند خاڵ بە خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنین:

١ ــ هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و دووپاتکردنەوەی هەڵە مێژوویی‌یەکان بە شێوەیەک بێت لە هیچ هێز و لایەنێک قەبووڵ ناکرێ و بە توندی ئیدانەی دەکەین
٢ ــ پاوان‌کردنی سنوورەکانی خاکی کوردستان لە بەرژەوەندیی دوشمنانی کورددا جێگای قەبووڵ و پەسند نییە و بە مەحکوومی دەزانین
٣ ــ لە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داواکارین بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجە نەتەوەیی‌یەکانی ئەم بەشەی کوردستان بە زووترین کات بەرەیەکی کوردستانی پێک بهێنن
٤ ــ داواکارین پارتی کرێکارانی کوردستان هێز و توانای خۆی بۆ بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخاتە گەڕ و بە هەڵوێستی خۆیەدا سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی پارچەکانی‌تری کوردستان و دوژمنانی کورددا، بچێتەوە
٥ ــ نونداندی هەرچەشنە وتار و توندوتیژی لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دژی یەکگرتوویی کوردە و دەچێتە خانەی خزمەت بە دوشمنانی کورد وبەزاندنی هێڵی سوورە.

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی شاری سنە
٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤