کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان، سەبارەت بە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کوردستان

17:35 - 26 جۆزەردان 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە مامۆستایانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە وەک هەمیشە پشتیوانی مامۆستایانی کورد بن.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی پێشەنگ!

کومەڵانی خەڵکی کوردستان!

پێشکەوتنی کومەڵگە ڕاستەوەخۆ و ناڕاستەوەخۆ پەیوەندیی لەگەڵ پەروەردە، بیر، هزر، هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستایانەوە هەیە.

مەخابن مامۆستایانی کوردستان و ئێران بەهۆی کێشەکانی مووچە و بژێویی ژیان و نادادپەروەریی پلەبەندی و بەئەمنییەتیکردنی ژینگەی قوتابخانەکان و بەپوڵیکردنی خوێندن، لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، نەیانتوانیوە ئەرکی پەروەردە و بارهێنانی سەردەمییانە بۆ قوتابییان بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و ئەوەیش کراوە لەخۆبردووی و هەست بە بەرپرسیاریەتیکردنی نەتەوەیی مامۆستایان بووە. هەر بۆ ئەو مەبەستە شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایان وەڕێ دەخات. بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە نیوەشەودا لە شارەکانی سەقز و مەریوان و سنە مامۆستایانیان دەسبەسەر کرد یان ویستیان بە هەڕەشەکردنی تەلەفۆنی لە مامۆستایان لە شارەکانی دیکەی کوردستان، پێش بە بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بگرن، بەڵام دیتمان مامۆستایان لە کوردستان حەماسەیان خوڵقاند.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتیوانی و ماندوونەبوونی لە مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کەشوهەوایەکی بە تەواوی نیزامی و ئەمنییەتیکراودا ئەمڕۆ واتە ٢٦ی جوزەردانی ١٤٠١ هەتاوی حەماسەیان خوڵقاند و مامۆستایانی ژن و پیاو یەکدەنگ هاواریان کرد و دەنگیان هەڵبڕی کە مامۆستایانی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێن و مامۆستا لە گرتن و زیندانیکردن و هەڕەشەی دەرکردن ناترسێت و لە مەیداندا دەمێنیتەوە. هەروەها بە پێویستی دەزانین وەک هەمیشە خەڵکی کوردستان پشتیوانی داوا ڕەواکانی مامۆستایان بن بۆ ودیهێنانی داخوازی و مافە ڕەواکان و ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو لە بەندیخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هه‌تاوی