کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردییەوە

17:19 - 29 رەشەمه 2719

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەیاننامەیەکی بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی کوردی بڵاو کردەوە و داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بۆ پاراستنی نیشتمان لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیاینی خۆڕاگر!

ژنانی ئازای وڵات!

ئەمساڵ ساڵێک بوو کە هەموومان شایەتی هەستانی شەپۆلی خوێنی ڕۆڵە ئازاکانمان لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات بەدەستی جەلادی سەردەم بووین.

بەو هیوا بووین لە ئاگری بەتینی نەورۆزدا، جامانەی کوردایەتی بکەینە چۆپی و بە هەر سەمایەک لە دەوری ئاگردا بە خوێنمژانی تاران بڵێین، ئێمە هەزارانین و هەر هەزاران دەمێنینەوە.

بەداخەوە بڵاوبوونەوەی پەتای "کۆڤید ١٩" ناچارمان دەکات جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ پاراستنی نیشتمان ئەمجارە لە ماڵەکانماندا بمێنینەوە.

نەورۆز لای کورد هێمای خۆڕاگری، نوێبوونەوە و ڕابوونە، دوای هەزاران ساڵ زەخت و زەبری داگیرکەر، هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە نەورۆزمان لا بسڕێتەوە، بێگومان هیچ پەتایەکیش ناتوانێت نەورۆزمان لێ بستێنێتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە سەلماندنی یەکبوونمانە بۆ مانەوە و هەرمان.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵ و ئاواتی تەندروستی بۆ هەمووان، داواکارە ئەمساڵ بۆ پاراستنی گیانی خۆمان، ئازیزانمان، پزیشکان و پارێزەرانی ژیان لە کوردستان، لە ماڵەکانماندا بمێنینەوە و لە کۆبوونەوە بەکۆمەڵەکان خۆمان ببوێرین.

فەلسەفەی نەورۆز یەکبوون و سەرکەوتنە، بەهیوای ئەوەی کە ئەمساڵ پێکەوە، هەموومان بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەرکەوین.

ساڵی نوێی ٢٧٢٠ی کوردی لە هەموو کوردێک، بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدان، بەندکراوانی سیاسی، پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرخۆدان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی پیرۆز بێت.

هیواخوازین ساڵی نوێ دەستپێکی وەدیهاتنی هەموو مافە ڕەواکانی گەلی کورد و دابینبوونی یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی چەوساوەی گەلەکەمان بێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧١٩ی کوردی