کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیانیەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات لە پێوەندی لەگەڵ پێكهاتنی لایەنەكانی كوردی خۆرئاوا

15:15 - 2 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە پێکهاتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی خۆرئاوا، بەیانیەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیانیەکە بەم چەشنەیە:

پێكهاتنی لایەنە سیاسییەكانی كوردی خۆرئاوای كوردستان لەم هەل‌ومەرجە هەستیارەدا كە كۆبانی پێدا تێپەڕ دەبێ‌‌ و كەوتووەتە بەر یەكلابوونەوەی چارەنووسی ئەو شارە قارەمانە لە نێوان شەڕوانانی كوردی حیماسەخولقێنی ئەو شارە كە بە خوێنی خۆیان بەرگری لە زێدی باب‌و باپیرانیان دەكەن‌ و هێرشی داگیركارانەی لەشكری جەهل‌ و نەزانی داعش، بێجگە لە ورەبەخشین بە جەنگاوەرانی ئەو مەیدانە، رووحێكی تازەی بە بەر هەزاران ئاوارەی ئەو شارەدا دەكاتەوە كە ئێستا لە دەربەدەریدا بە حەسرەتی رزگار كردنی شارەكەیان‌ و گەڕانەوەیان بۆ ماڵە وێرانكرا‌و تاڵانكراوەكانیدا رۆژ دەژمێرن.

بێ‌گومان پەیوەست بوونی هێزی نوێی ئەو كوردە ئاوارانەی كە ماوەیەكی زۆرە لە باشووری كوردستان لە باری سەربازییەوە پەروەردە كراون دەتوانێ‌ كارتێكەری بەرچاو لە بەرەكانی شەڕدا، لە بەرژەوندیی شەڕوانانی كورد دابنێ‌، بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین كە شوێندانەریی گرینگتری ئەم پێكهاتنە لە باری سیاسییەوە لە هەموو بوارەكانی دیكە گرینگتر‌ و شوێندانەرترە، ئەو پێكهاتنە نێو و نێو بانگی كورد زیاتر لەوەش كە لە ئێستادا هەیە بەرز دەكاتەوە‌و دەبێتە هۆی ئەوەی دۆستانی كورد لە ناوچە‌ و جیهاندا بە متمانە‌ و باوەڕپێ‌بوونێكی زیاترەوە یارمەتییەكانی خۆیان پێشكەش بە كورد بكەن‌ و دوژمنانی گەلەكەشمان كە بە درێژایی مێژوو گرەویان لەسەر دووبەرەكی نێوان لایەنەكانی كورد كردوە، لەوە بەدواوە حیسابێكی دیكە بۆ كورد بكەن. بۆیە بەردەوامی ئەو رێكەوتنە دەتوانی ببێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی چەندین ساڵەی پڕ لە دوژمنایەتی‌ و بەربەرەكانی نێوخۆی كورد كە هەمیشە دوژمنانی كوردی پێ خۆش بووە‌و كەڵكیان لێ وەرگرتووە.

ئێمە بەو رێكەوتنە خۆشحالین‌ و ئەو دەسكەوتە بەرز دەنرخێنین‌ و بە دەسكەوتی هەموو گەلی كوردی دەزانین.

بەم بۆنەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشكەش بە هەمووی ئەو حیزب‌ و لایەنانەی كوردی خۆرئاوا دەكەین كە بە گیانێكی لێبووردەییەوە ئەم دەسكەوتە بەنرخەیان دەستەبەر كرد، هەر بەم بۆنەوە پیرۆزبایی‌ و دەسخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز كاك مەسعوود بارزانی‌ و هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە بۆ ماوەیەكی زۆر‌ و بە بێ‌ماندوو بوون، شێلگیرانە بۆ لێكنزیكردنەوەی ئەو لایەنانە تێكۆشاون‌ و ئەو سەركەوتنیان بە سەرئەنجامی دڵخواز راگەیاند.

لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا، دەمانەوێ‌ ئەو راستییە وەبیر هەموو لایەك بێنینەوە كە دوژمنانی گەلەكەمان بەو سەركەوتنە زۆر دڵگران‌ و نیگەران دەبن‌ و وەك هەمیشە دەكەونە پیلانگێڕان بە مەبەستی بە لەبار بردنی ئەم سەركەوتنە، ئێمە هیوادارین كە براكانمان لە خۆرئاوای كوردستان، بە وریایی‌ و یەكگرتوویی زیاترەوە بەرە‌وپێش بچن، هەموو پیلانەكانی دوژمنانمان پووچەڵ بكەنەوە‌ و بێ‌هیوایان بكەن.

سەركەوێ‌ خەباتی كورد لە خۆرئاوا
پەرەگرتوو‌ و بەردەوام بێ‌ یەكگرتوویی كورد
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی