کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران تەنیا بەشی ٩٠ ڕۆژ ئاوی خواردنەوەی هەیە

18:07 - 10 سەرماوەز 2721

وشکەساڵی کە لە دوای باشووری ئێران بە پارێزگای "ئیسفەهان" گەیشتبوو لە ئێستادا شاری "تارانـ"ـیشی تووشی کێشە کردووە و "هیدایەت فەهمی" کارناسی ئاو و جێگری پێشووی نووسینگەی پلانداڕێژیی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "تاران تەنیا بەشی ٩٠ ڕۆژ ئاوی خواردنەوەی هەیە".

پارێزگاری "ئیسفەهان" حەوتووی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە ئاوی پشت بەنداوی "زایەندەڕوود" تەنیا بەشی ١٠٠ ڕۆژ دەکات.

"فەهمی" زیادی کردووە، ئەگەر وشکەساڵی درێژەی هەبێت و باران نەبارێت، ئاوی "تاران" تەنیا بەشی ١٠٠ ڕۆژی ئەو پارێزگایە دەکات.

هەروەها بەنداوەکانی "تاران" ٣٨٤ ملیۆن میتری سێجا پاشەکەوتی ئاوی هەیە کە ئەو ڕێژەیە هەمووی بۆ ئەو شارەیە.

"محەممەد شەهریاری" بەڕێوبەری نووسینگەی بەرهەمهێنان لە دامەزراوە ئاوی و بەرقییەکانی شیرکەتی ئاوی ناوچەی "تاران" چەند حەوتوو پێش وتبووی: "قەبارەی پاشەکەوتکردنی ئاوی کۆگای بەنداوەکانی ئەو شارە  ٤٠٩  ملیۆن میتری سێجایە کە وێدەچێت لە مانگی خەزەڵوەرەوە ٢٥ ملیۆن میتری سێجا لەو ڕێژەیە کەم بووبێتەوە".