کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران لەسەر داوای تاڵبان سووتەمەنی بۆ ئەفغانستان هەناردە دەکات

12:18 - 2 خەرمانان 2721

بەرپرسێکی ئێرانی وتوویەتی، دوابەدوای داواکاریی تاڵبان لە تاران، ئێران هەناردەکردنی نەوت، بێنزین و پێکهاتە پێترۆشیمییەکان بۆ ئەفغانستان دەست پێدەکاتەوە.

"حەمید حوسێنی" وتەبێژ و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی پێکهاتە پێترۆشیمییەکان، نەوت و گازی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان بە ڕویتێرزی ڕاگەیاندووە: "تاڵبان پەیامی بۆ ئێران ناردووە کە دەتوانین هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانمان دەست پێ بکەینەوە".

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە کە هەناردەکردن بۆ ئەفغانستان، پاش ئەوەی کە تاڵبان ئابوونە و حەقدەستی هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە ٧٠ لەسەد هێناوەتە خوارەوە، لە چەند ڕۆژ پێشەوە دەستی پێ کردووەتەوە.

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە بە باسکردن لەوەی کە "تاڵبان بەشێک لە داهاتووی ئەفغانستانە" ئیدعای کردووە کە هەڵوێستی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئەفغانستاندا "بەپێی ڕاستییەکانە نەک بەپێی کەین و بەینێک کە هەندێک لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامی دەدەن".

 ڕێژیمی ئێران کە وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی بڵاوبوونەوەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەکرێت، لە هەموو دەرفەتەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروبار و بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتان و سەپاندنی هێژمۆنیی خۆی کەڵک وەردەگرێت.