کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران و ئانکارا بە درۆ و فێڵبازییەوە باسی کورد دەکەن

11:28 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە ٣١ـەمین ساڵڕۆژی کیمیا‌بارانی هەڵەبجەدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە بە درۆ و فێڵبازییەوە، لەگەڵ نەتەوەی کورد هاودەردی دەکەن.

لە ساڵڕۆژی کیمیا‌‌بارانی هەڵەبجەدا، کە ٣١ ساڵ پێش، لە لایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە، دژی نەتەوەی کورد ئەنجام درا، کاربەدەستانی تاران بۆ چەواشەکاریی و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، پەیامی هاودەردیان بڵاو کردەوە.

لەم پێوەندییەدا، "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: "ڕۆژئاوا لەوانەیە حەز بکات کارەساتی سامناکی هەڵەبجە و سەردەشت کە ۳۱ساڵ پێش لە ڕۆژێکی وەها ڕووی دا، لە یاد بکات، بەڵام  نە ئێمە و نە برا کوردەکانمان هیج کات لە یادی ناکەین".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران بە نووسینی ئەو پەیامە چاوپۆشی لە هەموو ئەو جەنایەت و کردەوە دژەمرۆیانەی خۆیان دەکات کە ڕۆژانە دژی نەتەوەی کورد ئەنجامی دەدرێت.

قوربانیانی کیمیا‌بارانی سەردەشت، کە ناوبراو باسی لێوە دەکات، هەتا ئێستاش قوربانیانی ئەو کارەساتە ناتوانن تێچووی نەخۆشخانەیان دابین بکەن.

لە لایەکی دیکەوە "ڕەجەب‌تەیب ئەردۆغان" سەرکۆماری تۆرکیه، لە حەسێبی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێردا، بە بۆنەی ٣١مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەدا نووسیویەتی: "٣١ ساڵ پێش، ھەزاران کەسی سڤیل لە ئەنجامی ھێرشی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەست دا و ئەم برینەش هەتاکوو ئێستا لە ویژدانەکاندا ماوەتەوە. داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە بۆ ئەو برا کوردانەمان دەکەم، کە لە کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجەدا گیانیان لەدەست داوە کە پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا".

قسەکانی ئەردۆغان هیچ بنەمایەکی ڕاستی و نییەت پاکی بە نیسبەت نەتەوەی کورد نییە، چونکە هەر لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا، ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە لە ئۆپراسیۆنێکدا لەژێر ناوی "لقی زەیتون" هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاوادا و لەو ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل بوونە قوربانیی سیاسەتی داگیرکەرانەی ئەردۆغان کە بە ژێنۆسایدی عەفرین ناسێندرا.