کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران و بەغدا کۆ دەبنەوە

18:52 - 20 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هیوای ئەوەیکە بتوانێت گەمارۆ ئابوورییەکان دەور لێبداتەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەغدا کۆ دەبێتەوە.

لە دوای تێپەڕینی ٥ ساڵ؛ "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەشێک له بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە و دەیهەوێت پێوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆی بەهێز بکات.

سەفەری ناوبراو لە کاتێکدایە کە ئابووری ئێران لەژێر کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە هەوڵ دان لە ڕێگای جۆراجۆرەوە خۆیان لەو دۆخە دژوارەی ئابووریدا ڕزگار بکەن.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن سەفەری ڕۆحانی بۆ دوو مەبەستی سیاسی و ئابوورییە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە عێراقدا دەمێنێتەوە.

سەفەری ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە ئامریکا هۆشداری بە بەغدا داوە کە گرووپە میلیشیاکانی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات، لە خاکی عێراق وەدەرنێت.

لە بواری ئابووریشەوە ئامریکا مۆڵەتی بە عێراق دابوو کە دەبی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگەێنێتە ئاستێکی زۆر لاواز کە بەشی ئەسڵی ئەو بڕیارە نەوت و بەرقی عێراق لەخۆوە دەگرت.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بڕیارە لەگەڵ سەرکۆماری عێراق "بەرهەم ساڵح، عادڵ عەبدولمەهدی و سەید عەلی سیستانی کۆ ببێتەوە و هاوکات سەردانی چەند شاری مەزهەبیی عێراق بکات.

ڕۆژێک پاش دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ڕێژیمی تاران، گروپی "گردانهای سید الشهدا" ڕایانگەیاندبوو: "بە مەبەستی شکاندنی ئەو ئابلۆقەیە کە لە لایەن ئامریکاوە خراوەتە سەر ئێران، دەست بە چالاکی دەکەن".

عیبادی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی لە پرێسکۆنفراسێکدا باسی لەوە کردبوو، کە وڵاتەکەی پێبەندی گەمارۆکانی ئامریکا دەبێت و بەرژەوەندییە جیهانییەکانی عێراق ناخاتە مەترسییەوە.

پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کە لە ڕێگای هەندێک گرووپ و ملیشیای سەر بە خۆی، کۆنترۆڵی سەربازی و هەروەها دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بە دەستەوە بگرێت.