کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران و پکەن بڕیارە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان خۆیان واژۆ بکەن

12:28 - 7 خاکەلێوه 2721

بڕیارە  لە سەفەری "وانگ یی" وەزیری دەرەوەی چین بۆ تاران گرێبەستی ٢٥ ساڵەش واژۆ بکرێت.

ئەو گرێبەستە بوارەکانی وەک ستراتیژیی سیاسی، ئابووریی، بازرگانی و گواستنە و تەنانەت ئەمنییەتی لەخۆوە دەگرێت.

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە ئەو گرێبەستە پێوەندیی نێوان ئێران و چین قووڵتر دەکاتەوە.

گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین سەرووتر لە هەرچەشنە گرێبەست و پەیماننامەیەکە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی خەریکی فرۆشتنی "تەمامییەتی ئەرزیـ"ـی ئێرانە.

گرینگترین بەشی ئەو گرێبەستە، ئەو قانە تایبەتە نیزامی و تەناهییانەیە کە ڕێژیمی ئێران بە چین و ڕووسیەی داوە کە دەبێتە هۆی زاڵبوونی تەواوی ئەو دوو وڵاتە بەسەر ژێرخانە نیزامییەکانی ئێراندا و لە پەیوەندییە ژێئۆپۆلێتیکییەکاندا(جوغرافیای سیاسی) ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەناهیی جیهانیشدا کاریگەریگەری گرینگ دادەنێت.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو گرێبەستە، ڕێژیمی ئێران قانی زۆری لە بواری نەوت، گاز، پێترۆشیمی، هاتوچۆ و کەلوپەلە نیزامییەکان لە ئێراندا بە ماوەی ٢٥ ساڵ ڕادەستی چین دەکات.

یەکێک لە قانە پێدراوەکان بە چین، ڕادەستکردنی پەیمانکاریی سەرجەم پڕۆژە نەوتی، گازی، پێترۆشیمی و سەرجەم پڕۆژە ناتەواوەکان بە شیرکەتە چینییەکان لە ماوەی ئەو چارەکە سەدەیەدایە و شیرکەتەکانی چین بە بێ "موناقسە" لە ئێراندا چالاکییان دەبێت.

بەشێکی دیکە لە قانە پێدراوەکانی ڕێژیمی ئێران بە چین، کڕینی بەرهەمە نەوتی، گازی، پێترۆشیمییەکان بە داشکاندنی ١٢ لەسەدییە کە چین سەرەڕای ئەو داشکاندنە بەرچاوە، هەتا ٢ ساڵ مۆڵەتی بۆ پێدانی پارەی بەرهەمە کڕدراوەکان هەیە و ٦ تا ٨ لەسەدیش داشکاندن بۆ ئەگەری زیانباربوون بە چین دراوە.

لە بەرانبەردا چینیش لە باتیی پێدانی دۆلار بە ڕێژیمی ئێران، دراوی لاواز وەکوو: "دراوی ئوزبەکستان، قەزاقستان و قرقیزستان بە ئێران دەدات و لە سەرێکی دیکەشەوە لە بەرانبەر گۆڕانەوەی ئەو دراوە لاوازانە بە دراوی بەهێز، داشکاندنێکی ٨ تا ١٢ لەسەدیی دیکە بە چین دەدرێت.

 لە کۆی گشتیدا چین تا ٢٥ ساڵ دەبێتە خاوەن داشکاندنێکی ٣٢ لەسەدی بۆ کڕینی نەوت، گاز و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران.

پشتگرییە هەمەلایەنەکانی ڕووسیە لە چین و ئێران لە بەرانبەر ئامریکادا و دژایەتی لەگەڵ دووپاتکردنەوەی گەمارۆکانی چەکوچۆڵ دژ بە ڕێژیمی ئێران، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستە ٢٥ ساڵە دایە.

بەپێی ئەو گرێبەستە وڵاتی ئێران لەژێر ناوی گرێبەستی ٢٥ ساڵەدا دەفرۆشرێت.