کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران؛ ڕێژەی دزینی سەرپۆشی ئاسنیی ئاوەڕۆکان بەرز بووەتەوە

17:51 - 2 سەرماوەز 2721

"عەلی مووسەوی" جێگری بەهرەبەرداریی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ناوچەی ٣ی تاران وتی: "لە شاری تاران و لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زۆرتر لە دوو هەزار و ١٠٠ سەرپۆشی ئاسنیی ئاوەڕۆکان دزراون".

باسکردن لەم ڕێژەیە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ٩٩ بەگشتی دوو هەزار و ٨٠٠ سەرپۆشی ئاسنی لە تاران دزرابوون و بە وتەی "موسەوی"، ئەگەر بەم شێوەیە بچێتە پێشەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێژەی دزینەکان دوو بەرابەر دەبێتەوە.

دزینی سەرپۆشی ئاسنیی ئاوەڕۆکان لە ساڵانی ڕابردوودا بابەتێکی بەرچاو بووە، بەڵام بە بەرزبوونەوەی نرخی ئەم سەرپۆشانە و هەروەها هەژاری و بێکاریی لەڕادەبەدەر، ڕێژەی دزینەکان بەرزتر بووەتەوە.

سەرپۆشی ئاسنیی ئاوەڕۆکان لە شارەکانی تری ئێران لەوانە "تەورێز و ئیسفەهان و..." دەدزرێن، بەڵام ڕێژەی دزینەکان لە تاران زۆرترە.

دزین و نەمانی ئەم سەرپۆشانە دەتوانێت بۆ خەڵک بە گشتی و بۆ منداڵان و بەساڵاچووان بە تایبەتی، مەترسیدار بێت. هەروەها ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆش بەرز دەکاتەوە.